محەممەد جەواد زەریف دەڵێ: قاسم سولەیمانی، فەرمەندەی پێشووی سپای قودس، دیپلۆماسی و ڕێککەوتنی ناوکیی لە پێناو شەڕدا کردە قوربانی.
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە فایلێکی دەنگیدا کە ڕۆژی یەکشەممە ٥ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ڕاگەیاندنەکانی دەرەوەی ئێران بڵاوکرایەوە دەنگویەکی زۆری لە نیوخۆ و دەرەوەی وڵات ساز کرد.
زەریف لەم وتووێژەدا کە لەلایەن، سەعید لەیلاز، ئابووریزانی، نزیک لە دەوڵەتی ڕووحانی، کراوە ئەوەی خستەڕوو کە هێرش کردنە سەر باڵوێزخانەی عەرەبستان لە تاران بە فەرمانی قاسم سولەیمانی تەنیا بە مەبەستی تێکدان و لە نێو بردنی ڕێککەوتنی ناوکیی بووە و لە ٦مانگی یەکەمی ساڵی ٩٤ی هەتاویدا و لە کاتی ڕێککەوتنی ناوکیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی زلهێزدا قاسم سولەیمانی بەمەبەست سەردانی ڕووسیە دەکا و دوای گەڕانەوەی هێرش دەکاتە سەر باڵوێزخانەی عەرەبستان و دواتر دەسبەسەر دوو کەشتیی ئەمریکاییدا دەگرێ کە ئەمانە هەمووی هۆکاری ئەوەن کە ناوبرا دژایەتیی توندی ڕێککەوتنی ناوکیی دەکرد و تەنیا زمانی شەڕی دەزانی.
ناوبراو لەهەمبەر شەڕە نێوخۆییەکانی سووریە وتی: من لەسەر ئەو باوەڕەم کە سولەیمانی، ڕووسیەی هێناوەتە سەر ئەو قەناعەتەی کە دەبێ شەڕ بکا و ڕووسیە بە هێزی ئاسمانیی و ئێرانیش بە هێزی زەوینی ڕۆیشتینە شەڕێکەوە کە کێشەی ولاتی ئێران نەبووە بۆ ئەو مەبەستە ئێران، تێچوویەکیی زۆری گیانی و ماڵیی داوە کە هەموو ئەم کارانە بە دەستی قاسم سولەیمانی کراوە.
شایانی باسە کە ئەم قسانەی زەریف کاردانەوەی توندی بناژۆخوازان و سپای پاسدارانی لێکەوتۆتەوە.