لە شاری بەغدا، پێتەخی وڵاتی عێراق، ئاگر لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە کۆرۆنا کەوتەوە و بەو هۆیەوە ٨٢کەس گیانیان لەدەس داوە.
لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، لە نەخۆشخانەی “ئێبن ئەلخەتیب”ـی بەغدا کە تایبەتە بە تووشبووانی پەتای کۆرۆنا، بەهۆی تەقینەوەی کەپسوولی ئۆکسیژێنەوە ئاگری گرتووە.
بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی عێراق دەڵێ؛ ئاگرەکە هێندە گەورە بووە کە زیاتر لە ٢٠تیمی ئاگرکوژێنەوە بەشداربوون لە کوژاندنەوەی.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماری قوربانییانی ئاگرکەوتنەوەی نەخۆشخانەی “ئیبن ئەلخەتیب”ی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد کە ٨٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١١٠ کەسیش برینداربوون و هەروەها بەڕێوەبەری پێوەندی و ڕاگەیاندنەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بە ئاژانسی فەرمیی هەواڵەکانی ئەو وڵاتەی ڕاگەیاند: هەرچەندە لێکۆڵینەوەکان لە ڕووداوەکە بەردەوامن و چاوەڕوانی ئاکامەکەی دەکەین بەڵام بە دووری دەزانین ڕووداوەکە دەستی تاوانی لەپشتەوە بێ.