٩٣ پارێزەر لە نامەیەکدا داوایان لە “ئیبراهیم ڕەییسی” بەڕێوەبەری دەزگای قەزایی ڕێژیم کردووە ئەو پارێزەر و چالاکانەی بەهۆی ڕەخنە گرتن لە ڕێژیم لە زینداندان ئازاد بکرێن.
ڕۆژی شەممە ٤ی بانەمەڕ، ٩٣ کەس لە پارێزەرانی ئێرانی لە نامەیەکدا ڕووبە “ئیبراهیم ڕەییسی” بەڕێوەبەری دەزگای قەزایی ڕێژیم خوازیاری ئازاد کردنی پارێزەرانی دەسبەسەرکراو، چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە بەندیخانە بوون.
دەقی ئەو نامەیە کە لە “ئینسافنیوز”دا، بڵاوکراوەتەوە ئاماژەیان بە ناوی ئەو پارێزەر و چالاکانە کردووە کە بەهۆی ڕەخنە گرتن لە دەسەڵات حوکمی بەندکرانیان بۆ بڕاوتەوە و بە ناڕەوا لە بەندیخانەکاندا ڕاگیراون و داوای ئازاد کردنی هەرچی زووتریان لە بەڕێوەبەری دەزگای قەزایی دەکەن.
جێی ئاماژەیە کە لە کۆتایی مانگی خاکەلێوەی ساڵی ٩٩ی هەتاویشدا، هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوە و پەرەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران “ئەنجومەنی پارێزەرانی ئورووپا” لە نامەیەکدا داوایان لە “حەسەن ڕووحانی” سەرۆککۆماری ڕێژیم کردبوو کە پارێزەرانی بەندکراو ئازاد بکەن.
شایانی باسە “ئیبراهیم ڕەییسی” کە خۆی ئەندام و بەڕێوەبەری کۆمیتەی مەرگ لە ئیعدامەکانی ساڵی ٦٧ی هەتاوی بوو و سەرەڕای ئەو هەموو جینایەتەی کە کردوویەتی بەردەوام پۆست و پلەی بەرز کراوەتەوە و ئێستاش دەیهەوێ خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری بەربژێر بکا.