بانکی جیهانیی پێشبینی دەکا کە گوشارە ئابوورییەکانی سەر خەڵکی ئێران زیاتر دەبن.
بەپێی دوایین ڕاپۆرتی “بانکی جیهانیی”، ئابووریی ئێران بە دۆخی نەخۆشیی کۆرۆنا و داڕمانی ئابووری پێوەندی هەیە و پێشبینی کراوە کە لە ئەگەری کەمردنەوەی گەمارۆکانیشدا ڕەوتی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بەهۆی گرینگینەدان بە پێکوتەی کۆرۆنا و کەمبوونەوەی کۆمپانیاکانی بازرگانی ناوچەیی زۆر خاو دەڕۆن، بۆیە وا پێشبینی دەکرێ کە گوشارە ئابوورییەکان هەروا بەردەوام دەبن و زیاتریش دەبن.
بانکی جیهانی وا پێشبینی کردووە کە هەڵاوسانی ئابووری لە ئێران بەشێوەی نێونجی لە سەرەوەی سەدا ٢٠ بەراورد دەکرێ و لەگەڵ درێژەدان بە سنووردارکردنی ماڵیی و هەڵاوسانی زۆری ئابووری، گوشارەکانی ئابووری لەسەر هاووڵاتییانی هەژاری ئێرانی هەروا درێژەی دەبێ و بەردەوام ڕوولە هەڵکشانە و ئەوەش کارەساتی مرۆیی لێدەکەوێتەوە.
لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە، سەرچاوەی ماڵیی ئێران سنووردارە و دەستگەیشن بە پاشەکەوتەکانی دەرەوەی وڵات بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە زۆر ئەستەم بووە، هەر ئەو بابەتە بووەتە هۆی کەمکردنەوەی بەهای پارەی نیشتمانیی ئێران کە هەڵاوسانی ئابووری زۆرتر کردووە.