پاش شەڕەدەنووکی باڵەکانی دەسەڵاتداری ڕێژیم لە بەرەبەرەی هەڵبژاردنەکاندا و گوشار خستنە سەر تیمی وتووێژی ناوکیی لە ویەن، محەممەد جەواد زەریف لە نامەیەکدا گلەیی و گازندەی خوی لە خامنەیی دەکا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕویداد ٢٤، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، پاش هێرشی کاناڵە تەلەفیزیۆنییەکانی ئێران بەتایبەتی کاناڵی پرێس تیڤی، بۆ سەر وەزارەتی دەرەوەی ئێران و تیمی وتووێژی ناوکیی لە ویەن، محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران نامەیەکی بە مەبەستی ڕاوەستان و پێشگرتن لەو گوشارانە بۆ خامنەیی نووسیوە.
زەریف لە نامەکەیدا داوا لە عەلی خامنەیی دەکا کە پێش لە گوشارەکان بۆ سەر ئەو تیمە بگرێ، بەڵکوو وتووێژەکانی ویەن بەدەر لە گوشار سیاسییە نێو خۆییەکان بە ئاکام بگا.
وتووێژەکانی ویەن لەکاتی شەڕ بۆ گەیشتن بە دەسەڵات لە ئێراندا و تۆمەتبارکردنی تیمی وتووێژی ئێرانی لەلایەن باڵی دەسەڵاتی بناژۆخواز و توندڕەو و هێرشکردنە سەر تیمی وتووێژ لە ویەن کە یەکێک لە گرینگترین کارەکانیان بڵاوکردنەوەی فیلمی”گاندۆ” هاوکات لەگەڵ دەسپێکردنی وتووێژە ناوکییەکانی ویەن لەژێر چاوەدێری خامنەییەدا ڕاستەوخۆ وەزارەتی دەرەوەی ئێران و تیمی وتووێژی ویەن بە سیخوڕی بۆ وڵاتانی زلهێز تۆمەتبار دەکا.
لەلایەکی دیکەوە هەوڵەکانی مەجلیسی ئێران بە بیانووی یاسای” ڕێکاری ستراتیژیک” و هەروەها مەحکوومکردنی دانیشتنەکانی ویەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ناوکیی لەلایەن بەرپرسانی سپای پاسدارانەوە ڕاستەوخۆ گوشار دەخەنە سەر وەزارەتی دەرەوەی ئێران و بەرپرسی ئەو وەزارەتە و تیمی وتووێژی ناوکیی لە ویەن بە هەڵخەڵەتێندراو و سیخوڕی وڵاتانی زلهێزی ناو دەبەن.