لە درێژەی دزی و گەندەڵییەکانی بەرپرسانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، سێ میلیۆن تۆن پۆڵا نادیارە.
ڕەزا شارستانی، ئەندامی وەڤدی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی بەرهەمهێنانی پۆڵای ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی”تەجارەت نیوز” بەئاماژە بە چالاکییەکانی خاڵە سنوورییەکان دوای تەواووبوونی کاتی دیاریکراو وتی: لە ساڵی ٩٩ی هەتاویدا، ٣میلیۆن تۆن پۆڵای بەرهەم هاتوو لە ئێراندا دزراوە و ون بووە.
شارستانی لە درێژەی وتووێژەکەیدا وتی: لە ساڵی ٩٩ی هەتاویدا، زیاتر لە ٣٠میلیۆن تۆن پۆڵا لە ئێراندا بەرهەم هاتووە کە لەم ڕێژەیە ١٥میلیۆن تۆنی لە نێۆخۆی وڵات کەڵکی لێوەرگیردراوە و ١٢میلیۆن تۆنیش هەناردەی وڵاتانی دەرەوە کراوە و ٣میلیۆن تۆن لەو پۆڵایەی کە بەرهەم هاتووە لە ڕێگای خاڵە سنوورییەکانەوە دزراوە.
ناوبراو بە ئاماژە بە چالاکیی خاڵە سنوورییەکان لە سنوورەکانی عێراق، تورکیە، ئەفغانستان و پاکستان لە کاتی تەواووبوونی کاتی دیاریکراوی کارکردن لەو خاڵە سنوورییانە وتی: ئاشکرایە کە ٣میلیۆن تۆن پۆڵا لەو خاڵە سنوورییانەوە دزراوە و بە قاچاخ فرۆشراوە و هۆکاری ئەم کارەی بۆ نرخی زۆری پۆڵا لە وڵاتانی دەرەوە گەڕاندەوە.
پێویستە بگوترێ کە زۆربەی خاڵە سنوورییەکان لەژێر چاوەدێری هێزەکانی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێراندایە و لە ڕێگای سپاوە زۆربەی کاڵاکان قاچاخ دەکرێن بۆ وڵاتانی درەوە.
جێگای ئاماژەیە کە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی دەورلێدانی گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر ئێران، بە هەموو شێوەیەک خەریکی قاچاخی بەنزین، سیمان و گازوئیل و پۆڵایە و زۆربەی فڕۆکەخانەکان و خاڵە سنوورییەکان لە ژێر چاوەدێری ڕاستەوخۆی سپادایە و سەروەت و سامانی وڵات بە تاڵان دەبەن.