بەخشی سەرفیرووزئابادی سەر بە کرماشان گەورەترین بەخشی کرماشانە کە لە سێ شارەدێ بە ناوەکانی “عوسمانوەند، جەلاوەند و سەرفیرووزئاباد” پێکهاتووە و زیاتر لە ٣٠ هەزار کەس حەشیمەتی هەیە، بەڵام لەلایەن ناوەندی پارێزگای کرماشانەوە هیچ خزمەتگوزاییەکی بۆ دابین نەکراوە و لەو ناوچەیە هیچ نیشانەیەک لە ئاوەدانی نابیندرێ و وەک یەکێک لە هەژارترین ناوچەکانی ئێران دێتە ئەژمار.
نەبوونی ژێرخانی ئابووری و شوێنی نیشتەجێبوونی پارێزراو، نەبوونی بنکەی تەندروستیی و پێداویستیی پزیشکیی و بێکاری لە سەرەکیترین هۆکارەکانی هەژاریی و چارەڕەشی لەو ناوچەیەیە، جگە لەوانەش کێشە و گرفتەکانی ڕێگاوبان، نەبوونی شوێنی پەروەردەی شیاو و نەبوونی هێلی تەلەفۆن، بەشێکی دیکە لە هۆکارکانی هەژاریی ئەو ناوچەیەن.
بەخشی فیڕووزئاباد لە تەنیشت شاری کرماشان هەڵکەوتووە کە هەژاریی ئەو ناوچەیە بووەتە هۆی ئەوەی کە بەشێکی زۆر لە دانیشتوانی ڕوو لە نێو شاری کرماشان بکەن و ئەوەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی دانیشتوان لەو ناوچەیە و زۆربوونی پەراوێزنشینی لە کرماشان.