ئەندامێکی هەڵسووڕ، دڵسۆز و بەوەجی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەناوی سەید “عەبدوڵا حوسێنی” بەهۆی نەخۆشیی لەناکاو، بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە حیزب و ئەویندارانی نیشتمان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی شەممە ٤ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، کاک سەید عەبدوڵا حوسێنی ئەندامێکی هەڵسووڕ و بەئەمەگی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە شاری شنۆ، بەهۆی نەخۆشی لەناکاو بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە هەموو هاوسەنگەران و هۆگرانی حیزب و گەلەکەی کرد و دڵە پر لە ئاواتەکەی لە لێدان کەوت.
کاک سەید عەبدوڵا، هەر لەسەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە هاتە نێو ڕیزەکانی حیزب و وەک ئەندامێکی جێی متمانە و چالاک دەستی بە خەبات و تێکۆشان لەپێناو ڕزگاریی خاک ومیللەتەکەی دا کرد و وەک ئەندامێکی چالاک وئەرک وەخۆگر لە نێوخۆی وڵات، هەر ئەرکێک لەلایەن حیزبەوە بۆی دیاری دەکرا، بەوپەڕی لێهاتووییەوە بەجێی دەگەیاند.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، بەو بۆنە خەمناکەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی سەید عەبدوڵا و هەموو کەسوکار و دڵسۆزانی ڕێبازەکەی دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.