چوار ئەندامی کەمپەینی خێرخوازی لە شاری سنە دەسبەسەر کران.
بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان “چاونیوز”، ڕۆژی شەممە ٤ی بانەمەڕ، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە هێرشیان کردۆتە سەر ماڵی “مێهدی سەیفی” چالاکی مەدەنی و ئەندامی چالاکی کەمپەینی “ژیانەوەی کوردستان” و ناوبراویان دەسبەسەرکردووە.
پێشتریش سێ کەس لە ئەندامانی ئەو کەمپەینە بە ناوەکانی “عەتا ڕەزاڕبابی” تەمەن ٦٣ ساڵ، “مەرزیە غوڵام وەیسی” و کوڕەکەی بە ناوی “سیروان عەبدوڵاهی” لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراون.
هیزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە کاتی دەستبەسەر کرانی ئەم هاووڵاتیانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵیان و دەستیان بەسەر کەل و پەلی کەسیی و تایبەتیی ئەو کەسانەدا گرتووە.
ئەم چوار چالاکە کوردە لە پەیوەندی لەگەڵ چالاکییەکە مەدەنییەکانی خۆیاندا لەو کەمپەینە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاە ڕاگوازراون و هیچ زانیارییەک لە چارەنووسیان لە بەر دەستدا نییە.