خوشکی شەهیدێکی نیشتمان و حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەناوی “زڵێخا ئیبراهیمی” خەڵکی گوندی “ئالکاوێ”ـی سەر بە شاری شنۆ لەتەمەنی ٩٠ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی شەممە ٤ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، دایە زڵێخا ئیبراهیمی خوشکی شەهید “محەممەد باپیر” شەهیدی ڕێگەی ڕزگاری گەلی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەهۆی هەڵکشانی تەمەنەوە لە شاری شنۆ بۆ هەمیشە دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت.
دایە زوڵێخا هاوژینی خوالێخۆشبوو حاجی “ڕەحمان گەجەنی” کەسایەتییەکی کوردپەروەر و ناسراوی ناوچەی شنۆ بوو، هەروەها دایە زڵێخا ٣برای هەر لەسەرەتای شۆڕی گەلی کوردەوە لە ڕێزەکانی حیزبی دێموکراتدا وەکوو پێشمەرگە بە دژی داگیرکەرانی نیشتمان خەباتیان دەکرد کە برایەکی بە ناوی”محەممەد باپیر” لە ناوچەی قاهیری مەرگەوەڕ لە شەڕێکی داسەپاوی ڕێژیمی ئێراندا شەهید بوو و ماڵی ئەو بنەماڵەیە بەردەوام جێی حەوانەی پیشمەرگە و جێگای متمانەی حیزب بوو.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و خزم و کەسوکاری دایە زڵێخا و هەموو خەڵکی ناوچەی شنۆ دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.