هەواڵدەریی یۆرۆنیوز: کۆچکردن و پەنابەریی وەرزشکارانی ئێرانیی لەو دواییانەدا بەرز بووەتەوە.
لەگەڵ بەجێهێشتنی وڵات لەلایەن وەرزشوانانی ئێران و پەنابەریی ئەوان لە وڵاتانی دەرەوە “محەممەدتاهیر حوسێنیئەفشار” پاپۆڕوانی پێشووی تیمی نەتەوەیی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان بوو بە پەنابەر، ناوبراو دەڵێ:”بەهۆی کورد بوونم لە ئێران کەوتمە بەر هەڵاواردن و هەر بەو هۆیەشەوە ئێرانم بەجێهێشتووە”.
ناوبراو یەکێک لە سیما ناسراوەکانی وەرزشی پاپۆڕەوانیی ئێران لە ساڵانی رابردوودا بووە و چەند جار بووە بە قارەمان لە ئاستی ئێراندا.
جێی ئاماژەیە کە لە ماوەی ڕابردوودا بە دەیان کەس لە وەرزشوانانی ئێرانی لە بەر گرینگی پێنەدانی بەرپرسان و هەڵاواردن وڵاتیان جێهێشتووە و لە وڵاتانی ئورووپایی داوای پەنا بەرییان کردووە و بەشێک لەو وەرزشوانانە لەو ساڵانەی دواییدا بڕیاریان داوە کە ئێران بەجێبهێڵن و لەژێر ئاڵای وڵاتێکی دیکە لە کێبەڕکێی جیهانیی و ئۆلەمپیکدا بەشداری بکەن.