کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا وڵاتێکە واکسێنی کۆڕۆنا بە خەڵکەکەی دەفرۆشێ.
مەحموود واعیزی، سەرۆکی دەفتەری حەسەن ڕووحانی لە لێدوانێکی تەواو پێچەوانەی قسەکانی سەرکۆماری ئێران، جەختی کردەوە واکسێنی کۆڕۆنا بە پووڵە و، کەسانێک کە ناتوانن لە نۆرەدا ڕاوستن، دەتوانن بە پووڵ و لە دەرەوەی نۆرە و ئەو کەسانەی لە ڕیزی پێشەوەن، خۆیان بکوتن.
ئەو دەڵێ: “سەرۆک کۆمار ئیزنی داوە کۆمپانیا تایبەتییەکان و نەخۆشخانەکان بە پارەی نیمایی واکسێن هاوردە بکەن و لەژێر چاودێریی وەزارتی تەندروستیدا هەموو ئەو کەسانەی نایانەوێ لە نۆرەی خۆیاندا واکسەنیان لێ بدرێ، بە پووڵ پێیان بدرێ. لەو بوارەشدا کۆمپانیا دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکان پێوەندییان بە ئێمەوە گرتووە.”
ئەو قسانەی سەرۆکی دەفتەری سەرۆککۆماری لە کاتێکدایە، کە بە دوای پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان بە بڕیاری دەوڵەت بۆ فرۆشتنی واکسێنی کۆڕۆنا، حەسەن ڕووحانی ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەی شاندی دەوڵەتدا گوتبووی کە واکسێنی کۆڕۆنا بۆ تەواوی خەڵکی ئێران بەخۆڕایی دەبێ.
بابەتی فرۆشتنی واکسێنی کۆڕۆنا دوایی ئەوە ورووژا کە حەسەن ڕووحانی ڕۆژی ٧ی خاکەلێوەی ئەوساڵ باسی لە ئازادبوونی هاوردە و فڕۆشتنی واکسێنی کۆڕۆنای بۆ کەرتی تایبەتی کردبوو.
بەدوای ئەودا، حەیدر محەممەدی، بەڕێوەبەری گشتی داودەرمان و کەلوپەلی ژێر چاودێری ڕێکخراوی دەرمان و خۆراک ڕایگەیاند: “هێندێک لە کۆمپانیاکان کە خوازیاری هاوردەی واکسێنی بە دراوی نیمایین، دەتوانن واکسێن بە دارووخانەکان بدەن و خەڵکانێک کە لە پێشەوەی ڕیزبەندی کوتانی واکسێندا نین، دەتوانن بە کڕینی واکسێن بە نرخی ٢٠٠ تا ٣٠٠ هەزار تمەن خۆیان بکوتن.”
قسەکانی ئەو کاربەدەستەی کۆماری ئیسلامی ڕەخنەی زۆری هاتەوە سەر و ئەو پرسیارەی ورووژاندووە کە بۆچی ئێران دەبێ یەکەمین و تەنیا وڵاتێک بێ کە حکوومەتەکەی واکسێن بە خەڵکەکەی خۆی بفرۆشێ.
جێگای ئاماژەیە کە ئێران هەتا ئێستا تەنیا ٧٠٠ هەزار کەسی واکسێنە کردووە و تەنانەت نەیتوانیوە کادری دەرمانیی خۆیشی بە تەواوی واکیسنە بکا.