ناوەندی ژنانی کوردستانیڕۆژهەڵات ڕۆژی ٣ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، ئەندامەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوەندی “جێگەوپێگەی ژن” لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی مەحکووم کرد.
ڕۆژی سێشەممە ۳۱ی خاکەلێوە، لە شەستوپێنجەمین دانیشتنی ئەنجوومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆماری ئیسلامی، وەک یەکێک لە ٤٥ وڵاتی ئەندامی “ناوەندی جێگە وپێگەی ژنانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان” هەڵبژێردرا.
ئەرکی ئەم ناوەندە، بەرزکردنی ڕێژەی یەکسانیی ڕەگەزیی و بەهێزکردنی پێگەی ژنانە و ئەندامەتیی کۆماری ئیسلامی لەم ناوەندە بۆ چوار ساڵ و دەنگدانی چەند وڵاتی ئوروپایی هۆکاری ئەم هەڵبژاردنەیە.
سەرەڕای هەڵاواردنی زەق و لەڕادەبەدەری ڕەگەزیی لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بەدژی ژنان، چ لە یاسا و چ لە کردەوەدا، نابەرابەریی لە هەموو بوارەکاندا، چارەڕەشی، سەرکوت و ئیعدامی ژنان، دانانی ژنان بە شارۆمەندی پلە دوو و سەرکوتی بنەمایی و دژ بە کەمینە ئیتنیکی و مەزهەبی لە ئێران، نە تەنیا دەبێ بپرسی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ بێزراواترین وڵاتی دژبەژنی دنیا کە خۆی بەڕێوەبەری هەڵاواردنی ڕەگەزیی و پێشێلکردنی هەموو جۆرە مافێکی مرۆییە بە ئەندامی ئەو ڕێکخراوەیە هەڵبژێرێ؟ بەڵکوو دەبێ ئەو کردەوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک مامەڵە و هەراجکردنی مافی ژنان لە ئاستی جیهاندا و ڕەوایی پێدان بە وڵاتانی دژەژن، مەحکووم بکرێ.
ناوەندی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات وەک بەشێک لە ژنانی کۆمەڵگەی ئێران کە لەلایەن حکومەتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ سەرکوتی دووبەرابەر و ستەمی سیستماتیکی ئیتنیکی، ڕەگەزیی و مەزهەبی بەرەوڕوویە، ئەو ئەندامییەتییە بە فەرمیی ناناسێت و خوازیاری لابردنی لەو ڕێکخراوەیە و خوازیاری وڵامدانەوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو وڵاتانەیە کە دەنگی ئەرینییان بەو هەڵبژاردنە داوە و میلیۆنان ژنیان لە ئێران و جیهان کردووتە قوربانیی مامەڵەی سیاسیی خۆیان.
هەر وەها ناوەندی ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات داوا لە هەموو ناوەند و ڕێکخراوەکانی مافی ژنان و مافی مرۆیی دەکا کە هەڵبژاردنی ئێران وەکوو ئەندامی ئەو ڕێکخراوەیە مەحکووم بکەن.