مەولانا عەبدولسەمەد ساداتی، لەهەمبەر ڕوودانی کارەساتێکی مرۆیی بەنیسبەت سووتەمەنیبەرانی بەلووچ لە خاڵی سنووریی نێوان پاکستان و ئێران هوشداریدەدا.
بەپێی ڕاپۆرتی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، مەولانا عەبدولسەمەد ساداتی، پێشنوێژی ئایینیی سووننی لە سەراوان لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕاگەیاندنەکانی ئێران، بارودۆخی سووتەمەنیبەرانی بەلووچی لە سنووری ئێران وپاکستان بە جێگای نیگەرانیی ناوبرد و وتی: داخرانی سنوورەکان لە لایەن سپای پاسداران وئەرتەشی پاکستانەوە دەبیتە هۆی ڕوودانی کارەساتێکی گەورەیی مرۆیی.
ناوبراو بە رەخنەگرتنی توند لە ناکارامەیی بەرپرسانی رێژیم بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سووتەمەنیبەرانی بەلووچ، داوای لەبەرپرسانی رێژیم کردووە کە هۆکاری داخستنی ئەو سنوورە بە ڕوونی ڕابگەیێنن.
هەرلەم پێوەندییەدا و بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە لە ڕاگەیاندنەکان بڵاوکراوەتەوە تا ئێستا چەندین کەس لە سووتەمەنیبەران کە لە خاڵی سنووری نێوان ئێران و پاکستان گیریان کردووە بە هۆی برسیەتیی و تینوویەتییەوە گیانیان لە دەستداوە.
لە لایەکیی دیکەو و بەپێی ڕاپۆرتی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، هێزەکانی سپای پاسداران بە هێرش کردنە سەر خەڵکی گوندی” قەلعە بید کورین” زۆربەی خەڵکی ئەو گوندەی بەهۆی ناڕەزایەتیی دەربڕین لەهەمبەر کوشتنی سووتەمەنیبەران دەسبەسەر کردووە.