ڕووحوڵا جومعەیی، ڕاوێژکاری وەزیری نێوخۆی ئێران دەڵێ: لەسەتا ٢٣ی ئەو کەسانەی کە لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاویدا کوژراون لە نزیکەوە تەقەیان لێکراوە.
جومعەیی، ڕاوێژکاری وەزیری نێوخۆی ئێران، ڕۆژی هەینی لە وتووێژێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی” کلاب هاووس” وتی: لە سەتا ١٦ی ناڕازییانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی، لە کاتیی هێرشکردنە سەر ناوەندە سەربازییەکاندا کوژراون و لە سەتا ٣١ی کوژراوانیش لە کاتی هێرش بۆسەر دامەزراوە گشتییەکاندا کوژراون.
جێگای ئاماژەیە کە گرینگترین خاڵ لەسەر کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەر، مەحموود سادقی، نوێنەری پێشووی مەجلیسی ئێران هێنایە بەرباس و ڕایگەیاند کە بەبڕیاری ڕاستەوخۆی وەزیری نێوخۆ تەقە لە سەری خۆپیشاندەران کراوە، لە کاتێکدا خۆپێشاندەران تەنیا داوای مافەکانی خۆیانیان دەکرد.
مەحموود سادقی بە ئاماژە بە کوژرانی ١٥٠٠ کەس لە خۆپیشاندەرانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی، وتی: کوژرانی ئە خەڵکە یەکێک لە کارەساتبارترین ڕووداوەکانی ئێرانە کە بە بڕیاری وەزیری نێوخۆ و بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە جێبەجێ کراوە.
جێگای ئاماژەیە کە بەڵگەیەکی نهێنیی پزیشکی یاسایی کۆماری ئیسلامی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە کە بە ئاشکرا باس لە کوژرانی ٢٤٣٩ کەس لەو ناڕەزایەتییانەدا دەکا کە لەوانە باس لە گیانلەدەستدانی ٢٢٣٦ کەس لە خەڵکی بێتاوان و ٢٠٣ کەس لە هێزەکانی ریژیم دەکا.