لە ماوەی هاتنە سەر کاری جۆ بایدێن زیاتر لە ٢٣ جار بنکەکانی هێزەکانی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق کەوتۆتە بەر هێرشی مووشەکیی.
بەوتەی سەرچاوەکانی هەواڵی عێراق ئێوارەی پێنجشەممە ٢ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، سێ ڕاکێتی کاتیۆشا دەورووبەری فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی بەغدای کردە ئامانج، لەو هێرشانەدا بنکەی سەربازیی “ویکتۆریا”ی، ئەمریکا کە شوێنی مانەوەی هێزەکانی سەربازیی ئەمریکا و عێراقە کەوتنە بەر ڕاکێتی کاتیوشا.
ئەو سێ ڕاکێتە لە ناوچەی ” حەیولفۆرات” لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا لە باشووری ڕۆژاوای پێتەختی عێراق کە لە پەنا ناوچەی “حەیولجیهاد” بۆ ئەو فڕۆکەخانەیە هاویشتراوە.
لەو هێرشەدا هیچ خەسارێکی گیانیی نەبووە و تا ئێستا هیچ لایەن و گرووپێک ئەو هێرشانەی وەئەستۆ نەگرتووە و ئەوە دووهەمین هێرشە کە لە کەمتر لە یەک حەوتوودا بنکەی سەربازیی ئەمریکای لە عێراق کردۆتە ئامانج.
هەر لەو پێوەندییەدا پێنج ڕاکێت لە بنکەیەکی دیکەی سەربازیی لە باکووری بەغدا درا کە پێنج سەرباز بریندار بوون.
شایانی باسە کە لە ماوەی هاتنە سەر کاری جۆ بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا تا ئێستا زیاتر لە ٢٣ جار بە ڕاکێت یان بۆمب بنکەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کراونە ئامانج بەڵام ئەمریکا بێدەنگیی هەڵبژاردووە.