بەپێی ڕاپۆرتی نوێی لێکۆڵینەوەکان لەهەمبەر خستنەخوارەوەی فڕۆکەئۆکراینییەکە، دەرکەوتووە کە ئەم هێرشە ماوەیەک بوو لەلایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەرنامەی بۆ داڕێژرابوو.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی “کینگ ویکلی سەنتینێل” کەوتنەخوارەوی فڕۆکەی مەدەنیی ژمارە ٧٥٢ی ئۆکراینی لەلایەن سپای پاسدارانەوە بە هیچ جۆریک هەڵەی مرۆڤ نەبووە بەڵکوو هێرشێکی بەئەنقەست و لە پێشدا بەرنامە بۆ داڕێژراو بووە.
زۆربەی بەرپرسانی کانادایی و ئەندامانی بنەماڵەی قوربانییەکان، لێکۆڵینەوەکانی ڕێژیمی ئێران و ئاکامی لێکۆڵینەوەکە کە ئێران دەڵێ؛ تەقەکردن لە فڕۆکە ئۆکراینییەکە هەڵەیەک بووە، ڕەت دەکەنەوە و دەڵێن: ڕێژیمی ئێران ڕەوتی لێکۆڵینەکانی بەلاڕێدا بردووە.
شایانی باسە کە دەزگای زانیاریی و ئیتلاعاتییەکانی کانادا لەڕاپۆرتێکدا ڕایانگەیاند کە بنەماڵەی قوربانییەکانی فڕۆکەئۆکراینییەکە لەلایەن دەستوپێوەنییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە کانادا، هەڕەشەیان لێدەکری و بەردەوام گیانیان لە مەترسیدایە.