وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە گەیشتن بە ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ئێران، پێش لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێمە لەهەمبەر دەستێوەردانەکانی ئەو ڕێژیمە ناگرێ.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی هەینی ٣ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی بەڕاگەیاندنی ئەوەی کە گەیشتن بە ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ئێران، نابێتە هۆکار کە ئێران بە دڵی خۆی دەستێوەردان لە ناوچەکەدا بکا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بەدڵنیاییەوە ئەمریکا ڕووبەڕووی هەموو هەوڵێکی تێکدەرانەی ئێران لە ناوچەکە وجیهاندا دەبێتەوە.
نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەجەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە گەیشتن بە ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ئێران، نابێتە ڕێگر لەبەردەم ئەویکە بەهۆی سەرەڕۆیی و دەستێوردانەکانی ڕێژیمی ئێرانە ئەمریکا نەتوانێ گەمارۆ بەسەر ئەو وڵاتەدا بسەپێنێ.
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەهەمبەر هێرشە مووشەکییەکەی شەوی چوارشەممە بۆ سەر ئیسرائیل ڕایگەیاند کە تائێستا هیچ بەڵگەیەکمان لەبەردەستدا نییە کە بیسەلمێنێ ئەو مووشەکە بەرهەمی ئێرانە و هەروەها ئەمریکا بەردەوام پشتیوانی لە ئیسرائیل بۆ بەرگرییکردن لە وڵاتەکەی دەکا.