لە هێرشێکی مووشەکیدا لەلایەن هێزەکانی سووریەوە، دامەزراوەی ناوکیی” دیمۆنا”ی ئیسرائیل کرایە ئامانج.
ئەرتەشی ئیسرائیل لە ڕاگەیاندراوێکدا شەوی پێنجشەممە ٢ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، هێرشی مووشەکیی هێزەکانی سووریەی بۆ سەر دامەزراوەی ناوکیی ئیسرائیل پشتڕاست کردەوە و وتی: ئەو مووشەکەی کە لە سووریەوە ئاراستەی ئیسرائیل کراوە لە نزیک دامەزراوەی ناوکیی دیمۆنا لە بیابانی ئەلنەقب لە باشووری ئیسرائیل کەوتووەتە خوارەوە و هیچ جۆرە زەرەر و زیانێک وەبەر ئەو دامەزراوەیە نەکەوتووە.
ئەفیخای ئەدرەعی، وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل لە تۆری کۆمەڵایەتیی تویتێر لەهەمبەر ئەو هێرشەی مووشەکییە دەنووسێ بۆ کاردانەوە بەو هێرشەی سووریە، هێرشی مووشەکیمان کردۆتە سەر پەدافەندی مووشەکیی سووریە.
هەرلەم پێوەندییەدا هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری بەرپرسانی ئەمنییەتیی ئیسرائیلەوە بڵاویکردەوە کەهێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لە هێرشگەلێکی بەردەوامدا بەشێکی زۆری گرینگترین دامەزراوە سەربازییە ژێرزەوینییەکانی ئێرانی لە سووریە بەتایبەتیی مۆڵگەی سەربازیی” ئیمام عەلی” بۆردمان کردووە.
هێندێک لە سەرچاوە زانیارییەکان بە هەواڵدەریی “ڕۆیتێرز”یان ڕاگەیاندەوە کە ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بەدژی ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک و چەکی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی لە سووریە زیاتر کردووە و بەردەوام هێرش دەکاتە سەریان.
جێگای ئاماژەیە کە لە کاتی دەسپێکردنی شەڕی نێوخۆیی لە سووریە لە ساڵی ٢٠١١ی زایینییەوە تا ئێستا ئیسرائیل بە سەدان جار هێرشی مووشەکیی و ئاسمانیی کردۆتە سەر بنکەکانی ئەرتەشی سووریە، بنکەکانی سپای پاسداران و بنکەکانی حیزبوڵای لوبنانی سەر بە سپای پاسداران لە سووریە.