مەحموود ئەحمەدینژاد بە تۆمەتبارکردنی بەرپرسانی ڕێژیم بە هەوڵدان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی وتی : بەرپرسانی ئێران دەزانن ئەم ڕێژیمە دەڕووخێ و بۆ کاتی هەڵاتن لە ئێران دورگەیان کڕیوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کاناڵی تێلێگرامیی “دەوڵەتی بەهار” مەحموود ئەحمەدی نژاد سەرۆککۆماری پێشووی ئێران و ئەندامی کۆڕی دیاریکردنی بەڕژەوەندییەکانی ڕێژیم لە بەرەبەرەی هەڵبژاردنەکاندا وەکوو ئۆپۆزیسیۆنێک دەرکەوتووە و ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە شاری ئەردەبێڵ بە شوبهاندنی کۆماری ئیسلامی بە پاسێک کە خەریکە وەردەگێڕێ، شەڕی ئێستای بەرپرسانی وڵاتی بۆ دەسەڵات گەڕاندەوە و وتی: ئەو هەموو خەڵکە لە ئێراندا هاواردەکەن و ناڕازیین کە چی بەرپرسانی ڕێژیم دەنگی خەڵک نابیستن و بۆ کورسی و دەسەڵاتی خۆیان شەڕ دەکەن.
ناوبراو بەجەختکردنەوە لە هەمبەر دەسەڵاتی دووسەد تا سێسەد کەس لە ئێراندا وتی: ئەم کەسانە ڕیشەی خەڵکیان سووتاندوە و ئەگەر خەڵکی ئێران قسەیەک بکەن و ناڕەزایەتییەک دەرببڕن، دەسەڵاتدارانی ڕێژیم دەڵێن : ئەوانە بێدین و کافرن و دەبێ لە ناویان ببەین.