ڕووم لە خودی جەنابتە. تۆ کە ئەم ڕۆژنامەیەت گرتووەتە دەست و یان لە سەر شاشە لە ئینترنێت لێی ورد دەبیەوە و دەیخوێنیەوە. بە تۆ دەڵێم مەکە کەسم مەکە. مەکە دادە مەکە، مەکە کاکە مەکە. ئاخر بۆ ئاوا دەکەی؟ بۆ خۆت تووشی مەترسی دەکەی؟ بۆ خۆت تووشی تیرۆرکردن و تۆپباران و مووشەکباران دەکەی؟ بۆ مەگەر نازانی شێوازی زۆر ئاسان و بێمەترسیی کوردایەتیکردن هەیە؟ باشە ئەدی بۆچی ڕووت کردووەتە ئەم کارە مەترسیدارە؟
ڕووی قسەم لە کوردانی ڕۆژهەڵاتە. کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێم. ئەوانەی لە ڕیزی حیزبی سیاسی و ڕێکخراوی مەدەنیدا چالاکن.
بۆچی وا دەکەن کەسی من بۆ؟ بۆچی خۆتان تووشی ئەم عەزاب و دەردەسەری و کوێرەوەرییە دەکەن؟ ئاخر بە ئێوە چی لێرە ناهێڵن کوردان بە ئازادی حیزبی سیاسییان هەبێ؟ بە ئێوە چی کارخانە و کارگە لە کوردستان دروست ناکەن؟ بە ئێوە چی خەڵکی کوردستان بۆ کار و بەڕێوەچوون دەڕۆنە کوورەخانە و خشتبڕین؟ بە ئێوە چی خەڵک لەسەر ئەم زەوی و زار و باخوڕەزانە دەکەونە سەر مین و دەمرن یان قاچیان لێدەبێتەوە. بە ئێوە چی بەڕیوەبەری ئیدارەی شار و پارێزگاکانی کوردستان لە شیراز یان لە ئیسفەهانەوە دەهێنن؟ بە ئێوە چی بەڕێوەبەرانی هێزی ئەمنی و ئاسایش خەڵکی تەبرێزن؟ ئەوە نییە کاتێک ئیسفەهانییان دەڵێن “ئیسفەهان نیوەی جیهان”، تەورێزی وڵامیان دەدەنەوە و دەڵێن “بە مەرجێک تەورێز نەبێت؟” هەر بەڕاست بەئێوە چی چەکدارانی هێزی ئینتیزامی لە مەشهەد و شیراز و یەزدەوە دێن و لە داڵاهۆ و ئاربابا و شاهۆ و قەندیل و کێلەشین و خواکورک تەقە لە کۆڵبەران دەکەن؟
بە وردی دەگەڵ تۆمە، تۆ کە ئەم دێڕانە دەخوێنیەوە. ئەگەر ڕاست دەکەی و حەزت لە کوردایەتییە، بڕۆ لە سەر دەستی شێخ موحسینی ڕەزایی تۆبە بکە و لە نوێوە دەست بە خەبات و کوردایەتی بکە. کوردایەتییەک نە لە سەری دەربەدەر دەبی و نە بەهۆیەوە تۆپباران و مووشەکباران دەکرێی و نە دەبێتە هۆی کوشتنت لە پەنا و پەسیوان. شێخ موحسین ئێستا کە لە بەرەبەری هەڵبژاردنێکی دیکەی سەرۆککۆماریدایە و دیسان دەیەوێ وەک سێچوار هەڵبژاردنی پێشوو بچێتە ڕیزی بەربژێران و ئەگەر دەنگی نەهێنایەوە پاشەوپاش بکشێتەوە و “قوون بداتەوە” سەر کورسیلەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵەی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی. باشە بە تۆ چی ساڵانی بەرێ دەنگی نەهێناوەتەوە؟ با نەیهێنێتەوە. بە تۆچی شێخ موحسین دەڵێ لە بواری ئەمنییەوە قوونمان ئاوەڵایە؟ بە تۆ چی کاک شێخ موحسین دەڵێت ڕاستە ئیسرائیل بە هەزاران بەڵگەی نهێنیی سەبارەت بە چالاکیی ئەتۆمیی ئێران دزیوە؟ بە تۆ چی شێخ موحسین بابەت و نووسینی خەباتێگڕانی کوردی “ژانەسەرنەخواز” لە ماڵپەڕە “ناک” و “تاب”ـەکانی بڵاو دەکاتەوە؟
ئەتۆ کاڵەک خۆری یان بێستانڕن؟ مەگەر ناتەوێ بێدردیسەر کوردایەتی بکەی؟ ناتەوێ شانان هەڵتەکێنی و بڵێی کەس لە تۆ کوردتر نییە؟ ناتەوێ لە تیرۆر و ترس و تۆقاندن دوور بی؟ ئەگەر ئەمانە دەزانی بۆچی کەمێک لە ئامانجی سەرەکیی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ورد نابیەوە. بۆچی مەگەر نازانی هەناردەکردنی شۆڕش یان وەک فارسان دەڵێن “صدور انقلاب” ئامانجی سەرەکیی دەسەڵاتی ئێرانی دوای ڕووخانی دەستەڵاتی پاشایەتییە؟ بۆچی شۆڕشی ئیسلامی بۆ پارچەکانی دیکە کوردستان نانێری کە هاوزمانی تۆن بە بەردێک چەند کێلان ناشکێنی؟ کورد ناڵێ “بە بەردێك چەند چێشکە بکووژی”. چونکە کێل شکاندن لە چێشکەکوشتن باشترە. تۆ پاش شکاندنی کێلی نووسەران و ئەدیبان و هونەرمەندانی نێژراوی بەهەشتی زەهرای تاران و وردوخاشکردنی گۆڕستانی نووسەران و هونەرمەندانی گڵکوی بوداقسوڵتانی مەهابادیش نەتزانی کێلشکاندن لە چۆلەکە کوشتن باشترە؟
تۆ ئەگەر حەزت لە کوردایەتییە دەتوانی بە بردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان لانیكەمەکەی بەم ئامانجانەی خوارەوە بگەی:
١- تاریفی خەباتی کوردانی پارچەکانی دیکە بە تابیەت هی تورکیە و سووریە یان وەک ئێوە دەڵێن هی باکوور و ڕۆژئاوا دەکەی و بەرچێڵەت بە شانازیکردن بە کوردایەتیەوە فوو دەدەی و فەخری کوردایەتی بە ئەملاوئەولا دەفرۆشییەوە.
٢- لە ماڵی خۆت دادەنیشی. یان مووچەیەکی باش بەم خەباتە وەردەگری و یان دەرفەتی باشت بۆ دۆزینەوەی کار و کاسبی دەست دەکەوێ.
٣- لە بەرانبەر مەترسیی ئەشکەنجە و تیرۆر و تۆپباراندا بە تەواوی بیمە دەکرێی.
تێبینیی یەکەم: ئەوەی سەبارەت بە باشووری کوردستان یان هەرێمی کوردستان دەیڵێی یان دەینووسی، پیویستە ناوی “هەرێمی کوردستان” لە وشەی “عێراق” دانەبڕێ و بنوووسی هەرێمی کوردستانی عێراق و ئەگەر “هەرێم”ـەکەی پێوەنەنێی باشتریش.
تێبینیی بن تیبنییی یەکەم: وەک نووسەر یان سیاسەتەانیش ئەگەر باس لە دۆخی نێوخۆی باشووری کوردستان بکەی، تەنیا مافی پشتگیریکردنی ئۆپۆزیسیۆنی ئەوێت هەیە و دەبێ بەم حەشدومەشد و شتەش بڵێی “نیروهای مەردومی.”
تێبینیی بن بن تێبنییی یەکەم: کاتێک خەریکی هەناردی شۆڕش بۆ باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانی، تەنیا ئاگات لە بەڕێز ئەسەد و حزبوڵڵا بێت. بەکەیفی خۆت ئەوانی دیکە بدە بەرێ.
تێبینیی بن هەموو تێبینییان: بە هیچ شێوەیەک باسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان مەکە. لیرە بەرپرسانی نیزامی موقدەس بە کەڵکوەرگرتن لە “عطوفەت”ی ئیسلامی و بە دروستکردنی پەشیمانخانەی گەورە و مووشەک و فیشەک و میشەک و… لە خزمەت ئیرانییانی ئەسیل دان.