قسەکردن لەسەر “مامۆستا هێمن” ئەوەندی بۆ منی خوێنەر جێگای دڵخۆشییە، هێندەش تاڵە. تا ئێستا زۆر بابەت لەسەر شێعری هێمن بە باش و خراپ نووسراون. لەو یادداشتەدا نە دەمەوێ ئاوڕ لە نووسراوەی نووسەران بدەمەوە و نە پێم باشە لەسەر سفرەی خەڵکی دی نانی خۆم بخۆم. دەمەوێ باسیک بورووژێنم کە دەکرێ لە شیکردنەوەی دۆخی ئێستای نووسین و ڕۆشنبیریی کوردیدا وەک پرسیارێک زەق بێتەوە.
هێمن یەکێک لە ناسراوترین شاعیرانی کوردی سەدەی بیستەمە، کە بە تایبەت پاش مەرگی، ئاوڕێکی زۆری لێدراوە. ئەوەی بە لای منەوە گرینگ و پرسیارسازە ئەوەیە کە بۆچی بەشێکی زۆر لە بەرهەمی ئەو شاعیرە بانگەوازی تەنیایی و خەمێکی قووڵە کە کەمتر بیستراوە و زیاتر دووپات کراوەتەوە. لەودیو وشە و بەیتە شێعرەکانی هێمنەوە، بە تایبەت ئەو بەرهەمانەی باسی بێهیوایی و دابڕان و دووری و خەم و تەنیایی تێیاندا بە خەستی ڕەنگی داوەتەوە، سیمای دوو مرۆڤ خۆ نیشان خوێنەر دەدەن. یەکەمیان مرۆڤێک کە خەریکە لە دۆخی ناجێگیری سیاسی و کۆمەڵایەتیی نەتەوەیەک دەدوێ و خەمی ئەو، خەمی هەموو ئەو کەسانەیە وەک ئەو بیر دەکەنەوە و بە دەردی کوردەوە چاراون. واتە خەریکە شاملوو گوتەنی “ژانی هاوبەشی هەمووان” لە قاو دەدا و دەیهەوێ لەو دەلاقەیەوە کارێک بکا بۆ ئاگادار کردنەوەی کۆمەڵگە و ببێتە پێگەیەک هەمووان هاواری بکەنێ و ئەو دەنگە دووپات بکەنەوە کە لە ژانی گشتی دەدوێ. مرۆڤی دووهەم کە لەپشت شێعری هێمنەوە خۆی دەردەخا و خوێنەر دەیبینێ شاعیرێکی تەنیا و وەڕەز لەو کۆمەڵگەیەی کە سەردەمێک جێی هاوار و بانگیان بووه.
پرسیار ئەوەیە چۆنە شاعیرێکی شۆڕشگێڕ لە سەردەمێک لە ژیانیدا دەگاتە ئەو ئاستەی نامۆ بێ لەو کەسانەی کە سەردەمیک نەتەنیا ناسیاوی بوون، بەڵکوو هاووڵاتی و هاوسەنگەر و هاوڕێ و هاوژانی بوون.
ئەگەر لە باسی مرۆڤی یەکەمدا بمانهەوێ زیاتر وردبینەوە، کەسێک دەبینین لە جیگای منی بەکۆمەڵ دەدوێ و ئەو ژان و دەردەی ئەو هەستی پێ دەکا و دەتوانێ بیخاتە نێو چوارچێوەی هەڵبەستیەوە، ژانی نەتەوەیەکی زوڵملێکراوە. لەیەکەم شێعرەکانیەوە کە لە ساڵی ١٣٢١ی هەتاویدا نووسیونی ئەو دیاردەیە دەبینین.
“گەرچی تووشی ڕەنجەڕۆیی و حەسرەت و دەردەم ئەمن
قەت لە دەست ئەو چەرخە سپڵە نابەزم مەردم ئەمن
گەر لە برسان و لەبەر بێبەرگی ئیمڕۆ ڕەق هەڵێم
نۆکەریی بێگانە ناکەم تا لەسەر عەردم ئەمن”
لەو شیعرە دا “زنجیر و تەناف و دار و بەند”ێک کە هێمن دیهێنێتە گۆڕێ و لەبەر چاوی خوێنەری ڕوخساری دزێویان وەدەر دەخا، ئەو کەرەسانەن کە وێڕای ژانی بێگانەپەرستی و بێگانەترسی، هەموو کۆمەڵگەی کوردیان گەمارۆ داوە و ئەوە هەموو ئەو ویژدانە زیندووانەن هاوار دەکەن کە بۆ دەربازبوون لەو کەشە دەبێ ڕێگایەک بدۆزرێتەوە.
لە شێعری “بابردەڵە”دا دیسان “شاعیر/مەل/نەتەوە” قسە دەکا. لەو تەمسیلەدا کە شاعیر خوڵقاندوویەتی، ئەو یەکێکی دیکە لە ژانە هاوبەشەکان دێنێتە گۆڕ؛ ئەویش دیلی و ژێردەستەیی کەسی لێزان و هەڵکەوتەیە کە لەو دەقەدا نموونە مەجازییەکەی بولبولە و نموونەی واقعییەکەی هێمنە و نموونە گشتییەکەی هەموو ئەوانەن کە لە دۆخی نالەباری ژیردەستەییدا، خەریکن بەردێک لەسەر بەردێک هەڵدەچنن و هەنگاویک بۆ بردنە پێشەوەی کاراونی ڕوو لە داهاتووی کورد هەڵدێننەوە. لە سەرەتا دا “بولبول” لەبەر ئازاری ژینی نالەباری و گیرۆدەیی قەفەس و هەموو بەربەستەکانی کۆمەڵگە، شین دەگێڕێ. تا مەلی ڕاستینی شێعرەکە لێی وەجواب دێ و تێیدەگەیەنێ کە کەسی هەڵکەوتە هەر هەڵکەوتەبوون و جیاوازبوونەکەی بەڵا و بەربەستێتی. واتە بەشێک لە کۆمەڵگە و بەشێک لە سیستەم، کە هەست بە زەقبوونەوەی کەسی وا دەکەن هەڵوێست دەگرن و لە ناوەندی خۆیان وەدەری دەنێن. ئەوەش ئەوە دەگەیەنێ کە هەم ئەو بەشەی کۆمەڵ کە خۆی بە دەست کایەکانی دەسەڵاتەوە داوە و هەم ئەو بەشەی دەسەڵات کە خەریکی کۆنتڕۆڵی جومگەکانی کولتووری و بزوێنەرە کۆمەڵایەتییەکانە، یان دەیبەستنەوە یان شاربەدەری دەکەن. بەڵام چون ئەوە دەردێکی گشتییە و پێویستی بە چالاکیی زیاترە، دەبێ تا دوژمن، من وەک دیاردەیەکی زیندوو دەبینێ، تەنیا هۆکاری زیندووبوونەکەم واتە خوێندن و ئاگایی بەخشیم بمینێ. ئەو باسە لە چەند بڕگەی شێعرەکەدا دەستنیشان دەکەم.
١
“لەبەر ئازاری ژینی نالەباری
دەناڵێ بولبولی شەیدا بە زاری”
٢
“گوتم ئەی بولبولی خەمگینی دڵمەند
مەناڵێنە لەدەست داو و لە دەست بەند
هونەرمەند و ژیانی خۆش مەحاڵە
هونەرمەند ڕەنجەڕۆیە ژینی تاڵە”
٣
“ئەگەر نەتبا ورینگە و دەنگی وا خۆش
بەڕەڵلا بووی وەکوو ئەو ڕووڕەشە تۆش”
٤
“هەتا دوژمن نەگەوزێنێ دەخوێنم
دەخوێنم بۆ گەلی خۆم هەر دەخوێنم”
لە شێعری “تووڕەیی”دا دیسان تابڵۆیەکی وا دەبینین کە شاعیر باسی ئەوە دەکا کە بەروبووی تێگەیشتن و زانین…چ بوو بۆ من جگە لە کوێرەوەری، تا لە دواییدا دەڵێ “لەو وڵاتە کەسێک لە خەو ڕابی….بەشی چارەڕەشی و خەم و شێنە”.
لەو چەشنە نووسینە کە دەنگێکی ناڕەزایەتی دێ و دەنگەکە دەنگی گشتی و هاواری گشتییە، لە شێعری هێمندا زۆرن و لەوە زیاتر بابەتەکە درێژ ناکەمەوە. بەڵام لە دوو شێعری “سازی ناساز” و “ئێوارەی پاییز”دا و هەڵبەت لە چەند دەقی دیکەشدا، ئەوەی دەدوێ مرۆڤی دووەمی باسکراوە. شاعیرێک کە تەرە و دوورخراوەی کۆمەڵگەکەی خۆشێتی. ئەگەر بمانەوێ لەسەر هۆکارەکانی بدوێین لەو کورتە نووسینەدا ناگونجێ و تەنیا ئاماژە بە خاڵێک دەکەم. ئەوەی لە زۆر دەقی هێمندا بە ڕوونی دەردەکەوێ و بووەتە هۆی تووڕەیی و بێزاری و تەنیایی و خەمۆکیی شاعیر، شێوازی بیروباوەڕ و ڕووبەڕوونەوە لەگەڵ کەسی هەڵکەوتەی کۆمەڵگەیە، ئەوەش تایبەتمەندی زۆر یەک لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکانە و بۆ زانیاری زیاتر دەکرێ زۆر سەرچاوە بخوێندرێنەوە و یەک لەوان “کۆمەڵناسیی هەڵکەوتەکوژی”یە. کۆمەڵگەیەک کە تا ئێستاش کەشی کۆمەڵایەتیەکەی وای لێنەهاتووە کەسی هەڵکەوتە و داهێنەر بزانێ کە “لە ناو بازاڕی ئەو ڕۆژەی ژیاندا بەرهەمی ئەو برەوی هەیە و دەچێ” ڕەنگە سەدان پاساو بۆوە بهێندرێتەوە کە هێمن خۆی گوتوویەتی من هیچم لە کۆمەڵگەکەم ناوێ و لە وڵامی “مامۆستا هەژار”دا ڕایگەیاندووە کە چمان لەو خەڵکە دەوێ؟ ئێمە بە ویستی خۆمان بووینەتە شاعیر. لە وڵامی ئەو نووسیانەدا دەبێ بگوترێ هێمنێک کە شێعر دەنووسێ ڕاستگۆیانەتر و بی پێچ و پەناتر دەدوێ و بە کورتی ترسی لە هەڵسەنگاندنی قسەکانی لە لایەن کۆمەڵگەوە نییە بۆیە لەوێدا دەڵێ:
“لە ناو بازاڕی ئەمڕۆکەی ئەدەبدا شێعری تۆ هێمن
وەکوو پارەی چرووکە هیچ ڕەواجێکی نیە ناچێ”
ئەو کاردانەوەیە پێشتریش لە شێعری شاعیراندا هەبووە. “میسباحودیوانی ئەدەب” دەیان ساڵ پێش ئەو دەڵێ:
“پێوەم ئەدەب دەمێک لە ئەدەب خۆم کەنارە کەم
ئەز بەس کە بێ هونەرییە لە لای بێ هونەر هونەر”
بەڵام ئەو هەستە لای هێمن تا ئاستی قووڵترین خەم و ڕادەی تەریک کەوتنەوە و تەنیایی ڕۆیشتووە. بۆ درێژەی ئەو باسە سووکەڵە ئاوڕێک لە “ئێوارەی پاییز” دەدەینەوە. “ئێوارەی پاییز” بە زۆر تیۆری و شێواز دەخوێندرێتەوە و شێعرێکە ئەوەندە لایەنی جوانیناسانە و مانایی تێدایە، کە هەم بە شێوەی دووبەیتی نوێ بخوێندرێتەوە و قسە لەسەر تەبایی نێورۆک و قالبەکەی بکرێ هەم لەسەر هەڵوێستی بۆ چینەکانی کۆمەڵگە لەنگەر بگیرێ و لە ڕوانگەیەی ڕیالیسمی سۆسیالیستییەوە چاوی لێبکرێ و … بەڵام ئەگەر مرۆڤ و بگێڕەوەی ئەو شێعرەش لە گۆشەنیگایەکەوە چاو لێبکرێ و سەرنجی بدرێتێ، کەسێک دەبینین کە کەمترین هیوا و ترووسکایی بۆ درێژەدان بە ڕەوتێک کە گرتوویەتە بەر نابیندرێ. مرۆڤێک کە “جوانی دەرکەی لێ پێوە داوە” و ئاسەواری لەبەر چاوی نەماوە. بە چاوی خۆی باربەری ڕووت دەبێنێ کە چۆن ژان و نەداری لێ بەرهەم دێتەوە. هەموو سیمای جیهان-ژینگەی سیس بوون و خەریکی هەڵوەرینن و لە ڕاستەڕێی بەردەمی، دزێوییەکان ڕیزیان گرتووە. هێمن لێرەدا ئەو پادشای بێهیوایی و شکستەیە کە سەربازانی سەر شەقام دزێوین و ڕیزیان گرتووە و ئەو بە بەردەمیاندا تێدەپەڕێ. بۆیە پرسیاری سەیر و وێرانکەر لە زەینیدا سەر هەڵدەدەن. ئەو پرسیارانەی دەتوانێ کۆمەڵگە بهەژێنێ. ئەگەر لێرەشدا لە ژان و دەرد دەدوێ و دیهەوێ بڕوا و لەگەڵیان سەر پێکەوە بنێ، ئەوە هەمان ژان و دەردی پێشوو نییە کە لەگەڵ کۆمەڵگەکەی تێیدا هاوبەش بوو. لێرەدا ژانی تەنیایی و برینی تاکەکەسیی خۆیەتی. لێرەدایە تەنانەت لە هەستەکانی ئینسانی دڕدۆنگە و دەپرسێ “چۆن بە ئێوارەی پاییزیش هی وا هەیە پێبکەنێ؟”
لە کۆتایی ئەو شێعرەیدا بە پێچەوانەی زۆر شێعری دیکەی، لە زمان خۆیەوە باسێک لە گەشبینی نییە. بۆیە ئەو پێی وایە “بەشی ئێمە، واتە کەسی ئەو، لە نێوچوونە”. ئەوەی وڵام دەداتەوە “دوور بنواڕە ئاسۆ ڕوونە” کەسێکی دیکەیە کە دڵخۆشی دەکا، دەنا شاعیر خۆی تا سنووری هیوا بڕاوی فڕیوە.
لە شێعری “سازی ناساز”دا ئیتر ئەو ئاشنایەش وەلا دەنێ. لەو شێعرە دا مرۆڤێک دەدوێ کە لە هەموو دیاردەیەکی نەزۆک و بێ بەرهەمدا خۆ دەبینێتەوە. دەگاتە ئاستێک بوون و نەبوونی خۆشی لێ تێک دەچێ و گومانیان لێ دەکا. لە نیو ئەو گشتە هەستە تاڵ و وێرانەدا ڕوو لە خوێنەر، دڵدار، خەڵک، کۆمەڵگە دەڵێ:
“چۆن دەتوانم بە تۆ بڵێم من چیم
خۆم گومانم هەیە کە هەم یان نیم…”
هێمن کەسێکی پرسیارساز بوو. باس و پرسیارەکانی ئەو لەو بەشەی شیعرەکانیدا، ئێستاش لە جێگای خۆیاندا قورساییان هەیە و چاوەڕێی وڵامن. ئەو دۆخەی ئێستا لە فەزای گشتی ڕۆشنبیریی کوردیدا دەبیندری، نە درەوشاوەترە لەو سەردەمەی هێمن باسی کردووە و نە کۆمەڵگە بە نیسبەت کەسانی هەڵکەوتەی خۆیەوە هەستیارترە. هەر ڕۆشنبیر و نووسەری نەتەوەی کوردە لە کایەی تازەی سیستەمدا، دەرخوارد کەسانی نەتەوی دەدرێ و … ئایا کاتی ئەوە نییە دیسان وەک هێمن بپرسینەوە “کەوابوو ئاشنا بەشی ئێمە لە نێوچوونە”؟