ئەمڕۆ ١٢٣ ساڵ بە سەر لە دایکبوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردیی بە ناوی کوردستان، کە بە دەست و تێکۆشانی بنەماڵەی بەدرخانییەکان و بە تایبەت مێقداد مێدحەت بەدرخان لە شاری قاهێرەی پێتەختی وڵاتی میسر بە زمانی شیرینی کوردیی چاپ و بڵاوکرایەوە تێدەپەڕێ.
ئەمڕۆ لە بارودۆخێکدا یادی ١٢٣ساڵەی ڕۆژنامەوانیی کوردیی دەکەینەوە کە گەلی کورد لە هیچ پارچەیەکی کوردستان بە مافە نەتەوایەتیی و سیاسییەکانی خۆی نەگەیشتووە، بەڵام بۆ چرکەیەکیش دەستی لە خەبات و خۆڕگریی هەڵنەگرتووە و بە تایبەت ڕۆژنامەوانان و میدیاکارانی کورد لەوپەڕی بێ ئیمکاناتی و هەلومەرجی دژواری سیاسی و ئابووریدا لە هیچ گیانفیدایی و تێکۆشانێک دریغییان نەکردووە و نایکەن.
هەموومان دەزانین کە میدیاکاران و ڕۆژنامەوانانی دڵسۆزی کورد نەقشێکی بەرچاویان هەبووە و هەیە لە ڕۆشنگەریی و بووژاندنەوە و پێشکەوتنی فەرهەنگ و سیاسەتی کورددا و چینێکی سەرەکیی کۆمەڵگەی کوردین کە لە پێناو ئەم نەتەوە و نیشتمانەدا تەنانەت گیانی خۆیانیش داناوە، ئەشکەنجەدراون، زیندانی و ئاوارەیی وماڵوێرانیی نەیتوانیوە بۆ چرکەیەکیش پێنووسەکانیان بێدەنگ و کپ بکا،
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە ڕۆژی ڕۆژنامەوانیی کوردیی بە هەموو خەباتکاران و پێنووسە ئازاکانی وڵاتەکەمان و بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا پیرۆزبایی دەکەین و بەڵێن دەدەین کە تا دوا هەناسەمان لە پێناو مافە ڕەواکانی نەتەوەکەماندا خەبات و تێکۆشانی خۆمان بەگوڕتر و چرتر بکەینەوە.
پیرۆزبێ یادی ١٢٣ ساڵەی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردیی