لە سنوورەکانی کێلەشین و گەڵی گادەرانی ناوچەی شنۆ، پۆلێک کۆڵبەری ئەو ناوچەیە دەکەونە بۆسەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و تەقەیان لێدەکەن و ئەسپەکانیان دەکوژن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ژمارەیەک کۆڵبەری سنوورەکانی کێلەشین و گەڵی گادەرانی ناوچەی شنۆ، کەوتنە بۆسەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و هێزە داگیرکەرانی ڕێژیم ڕاستەوخۆ تەقەیان لەو کۆڵبەرانە کرد کە بەهۆی تەقەکردنەکەوە ئەسپی کۆڵبەرەکان خۆیان بە تەلی دڕکاویی مۆڵگەیەکی ڕێژیمدا داوە و لە ئاکامدا تووشی سووتانێکی دەگمەن بوو.
ئەسپی کۆڵبەران خۆیان بە تەلی دڕکاویی ئەو مۆڵگەیەدا کێساوە و بە شێوەیەکی سەیر تووشی سووتانێکی دەگمەن و نامۆ بوون.
شایەتحاڵان دەڵێن: پێدەچێ ئەوە چەکێکی نوێ بێ کە سپای پاسداران هێنابێتییە ئەو سنوورانەوە و لەوانەشە تەلی دڕکاویی دەوری مۆڵگەکانی ڕێژیم هەموو ژەهراویی بن کە بە شێوەیەکی دەگمەن بە بەرکەوتنی ئەسپەکان بە تەواویی سووتان.