نێد پرایس دەڵێ: لە ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا نەنووسراوە کە ئەمریکا یان هەر وڵاتێکی دیکەی جیهان نەتوانن وڵامی هەڵسووکەوتەکانی ڕێژیمی ئێران بدەنەوە یان بەهۆی کردەوە تێکدەرەکانییەوە گەمارۆی بخرێتە سەر.
نێد پرایس وتەبێژی وەزارەەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە ١ی بانەمەڕی ١٤٠٠هەتاوی، لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا وتی: ئەگەرچی لە ئێستادا ئەمریکا تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە بەهۆی ڕێککەوتنی بەرجام گەمارۆکانی سەر رێژیمی ئێران کەم کاتەوە، بەڵام واشینگتۆن لە هەوڵەکانی خۆی بۆ وڵامدانەوەی کردەوە تێکدەرانە و تێرۆسریستییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕانەوەستاوە و بەردەوام لە ژێر چاوەدێرییدایە.
وتەبێژی وەزارەتی دەروەی ئەمریکا لە درێژەدا وتی: لەبارەی هەڵسووکەوتەکانی کۆماری ئیسلامی نیگەرانیی زۆر و جیددیمان هەیە و نابێ تاران تووشی ئەو خەیاڵاتە ببێ کە پێیوابێ ئێمە هەوڵەکانی خۆمان بۆ وڵامدانەوەی ڕێژیمی ئێران لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و هەڵسووکەوتە تێکدەرانەکانی ڕاگرتووە و ئەمریکە قەت واز لە بەرنامەی مووشەکیی بالستیکی ڕێژیم و پشتیوانییکردن لە تێرۆریزم لە ناوچەکە ناهێنێ.