حەسەن ڕووحانی دەڵێ: ئەگەر ڕێککەوتنی بەرجام دەسپێبکاتەوە دەبێ گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر ئێران لابچێ و وڵامی کۆتایی ئێران بیداتەوە.
حەسەن ڕووحانی سەرۆککۆماری ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ١ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی لە دانیشتنی هەیئەتی دەوڵەتدا، لاچوونی گەمارۆکان، دڵنیا بوون لە ڕاستیی لاچوونی گەمارۆکان و جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی ڕێککەوتنی ناوکیی لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپاییەوە بە سێ هەنگاوی سەرەکیی ڕێککەوتنی ناوکیی ناوبرد.
ناوبراو هەروەها وتی: دوای نەمانی گەمارۆکان لەلایەن ئەمریکاوە و پشتڕاستکردنەوەی لەلایەن وەزیری نەوت، بەرپرسی بانکی ناوەندیی و وەزیری ڕێگاوبان، ئەوکات ئێران پێبەند دەبێ بەهەموو بەڵێنەکانی لە ڕێککەوتنی ناوکیی.
ڕووحانی جەختی لەسەر ئەوەکردەوە کە ڕێککەوتنی ناوکیی بە بێ وشەیەک زیاد و کەم دەبێ جێبەجێ بکرێ.
ڕووحانی لە وڵامی ئەو کەسانەی کە دژایەتیی وتووێژی “ویەن”یان دەکرد وتی: ئەو فیلمگەلەی کە چەند ساڵ پێش درووستیان کردوەو لە سەر دەستیان ماوەتەوە بڵاوی دەکەنەوە.
کاناڵی تەلەفیزیۆنی ئێران، شەوی سێشەممە فیلمێکی بەڵگەیی بەناوی” پایان بازی” کۆتایی یاری” بەدژی دانیشتن و وتووێژە ناوکییەکانی ویەن بڵاوکردەوە و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوویشدا هێندێک لە بناژۆخوازەکان ڕەخنەیان لە وتووێژەکانی ویەن گرت.
ڕووحانی پێشتر دژبەرەکانی خۆی بەوە تۆمەتبار کردبوو کە بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریدا دەیانهەوێت وتووێژە ناوکییەکان لە دەوڵەتەکەیدا بێ ئاکام بمێنێتەوە.
سەرۆککۆماری ئێران لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا و لە کاردانەوە بەو ڕەخنانەی کە لە کڕینی پێکوتەی چینی و ڕووسی ڕووبەڕووی دەوڵەت ببوونەوە وتی: ئەگەر هەرجۆرە کاڵایەک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتییەوە هاوردە بکەین و ئەگەر گرێبەستیکی ١٠٠ ساڵە لەگەڵ وڵاتانی ئورووپایی ببەستین هیچ کەس لە خەڵکی ئێران ناڕازی نابێ بەڵام کاتێک کە گرێبەستێکی ٢٥ساڵەمان لەگەڵ وڵاتی چین و بەمەبەستی بەرەوپێشچوونی وڵات بەست، ڕووبەڕووی ڕەخنە و ناڕەزایەتییەکی زۆر بووینەوە.