لە ڕاپۆرتی نوێی ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنووردا هاتووە کە، ڕێژیمی ئێران لە کۆتاییەکانی ڕیزبەندی ئازادیی ڕۆژنامەنووساندایە.
ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا، کە ڕۆژی سێشەممە ٣١ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی بڵاوی کردەوە، دەڵی: لە ساڵی ڕابردوودا لە سێ لەسەر چوار لەو ١٨٠وڵاتە کە ئەو ڕێکخراوە لێکۆڵینەوەی کردووە، کاری ڕۆژنامەنووسیی سنووردار کراوە.
لەو ڕیزبەندییەدا، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بواری ئازادی هەواڵنێران، لەنێوان ١٨٠وڵاتدا کە لێکۆڵینەوە کراوە، لە کۆتایی ڕیزبەندییەکاندایە و نێوی لە ڕیزی ١٧٤هەمین وڵاتدایە کە، بەنیسبەت ئاماری ساڵی ڕابردووی ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور هیچ جیاوازییەکی نییە و کۆماری ئیسلامی ئیزن بە هەواڵنیران نادا ئازادانە ڕای خۆیان دەربڕن هەر زوو سەرکوت دەکرێن.
لەو لیستەدا دوای کۆماری ئیسلامی تەنیا ٦وڵاتی دیکە بەو شێوەیە ئازادی ڕۆژنامەنووسانیان سنووردار کردووە، کە بریتین لە وێتنام، جیبووتی، چین، تورکەمەنستان، کۆرەی باکوور و ئەریترێ؛ ئەمانە و ولاتی ئێران ئەو وڵاتانەن کە ڕێگە با ئازادی چالاکیی ڕۆژنامەنووسانی بێ سنوور نادەن و بەردەوام توندوتیژییان لەگەڵ دەکرێ.