لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٠ هاووڵاتیی خەڵکی شارەدێی نێ سەر بە شاری مەریوان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگ کراون و لێپرسینەوەیان لێکراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەدڕیژەی دەسبەسەرکردنەکانی خەڵک لە کوردستان لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٠ هاووڵاتیی خەڵکی شارەدێی نێ لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە بانگ کراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.
هەتا ئێستا ناسنامەی ١٨ کەس لەوانەی کە بانگ کراون بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان ئاشکرا بووە کە بریتیین لە پەیام ئەرژەنگی، سینا جاست ، کەماڵ گرامی ، زانیار مینویی ،عەبدولڕەحمان ئەفشار ، جەماڵ گرامی ، سیروان بەدەخش ، کامران ئەفسەری ، بێستوون ئەرژەنگی ، ئەمیر ئەرژەنگی ، باسیت ئەفشار ، محەممەد گرامی ، دانا گرامی ، بەهمەن گرامی ، محەممەد پەروازە ،ئومید فەرەجی ،محەممەد جاست و محەممەد ئەرژەنگی.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەرجەم ئەم کەسانە بە تۆمەتی هاوکاری کردن لەگەڵ حیزبێکی دژبەری ڕێژیمی ئێران بانگ کراون و دوای ئەوەیکە لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە و بە نووسراوە بەڵێننامەیان لێ وەرگیراوە، ئازاد کراون.
جێگای ئاماژەیە چەندین کەس لەمانە پێشتریش بە هەمان تۆمەت دەسبەسەر و سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپابوو.