لە ساڵی ڕابردووی زایینیدا ٢٤٦ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون کە، ٩ کەسیان ژن بوون و لانیکەم ٢٣ کەس لەو کەسانەی کە حوکمی ئێعدامیان بەسەردا سەپابوو لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا دەسبەسەر کرابوون.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی سەبارەت بە بەڕێوەبردنی حوکمی لەسێدارەدان لە جیهاندا باس لەوە کراوە کە ڕەوتی لەسێدارەدان بە سەرنجدان بە پەرەسەندنی هەمەلایانەی کۆرۆنا لە ساڵی ٢٠٢٠ی زایینیدا کەمتر بوو، بەڵام سەرەڕای ئەوەش وڵاتانی وەک چین و ئێران لە سەرووی پێڕستی زۆرترین لەسێدارەدانەکانی جیهاندان.
بەپێێ ئەو راپۆرتە لە هێندێک وڵاتدا ڕێژەی لەسێدارەدان لە چاو ساڵی پێشوو بەرز بووەتەوە و نیوەی لە سێدارەدانەکانی جیهان لە ئێران بەڕێوە چووە و لە ئێراندا ٢٤٦ کەس لەو ساڵەدا لەسێدارە دراون کە ٩ کەسیان ژن بوونە. ڕێکخراوی مافی مرۆییەکان دەڵێن: بەڕێوەچوونی دادگایی ئەو کەسانە دادپەروەرانە نەبووە و دەسبەسەرکراوان لەژێر ئەشکەنجەدا دانپێدانانی زۆرەملێیان لێ وەرگریراوە و مافی زیندانیان بە هەموو جۆرێک پێشێل دەکرێ و لانیکەم سێ کەس لەو کەسانەی لە ئێران لە سێدارە دراون لەکاتی ئەنجامدانی تاوان لەژێر تەمەنی ١٨ ساڵدا بوون.
جێی ئاماژەیە کە ئێران لە بواری پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە جیهاندا لە ڕیزبەندی سەروودایە و بە هەموو شێوەیەک مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتەدا پێشێل دەکا.