فەرماندەی سێنتکام دەڵێ: کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشەیە بۆ جیهان و ناوچەکە و ڕۆژانە لە ناوچەکەدا هەڕەشە لە ئەمریکا و هاوپەیمانانی دەکا.
ژێنێڕال فرانک مەککێنزی فەرماندەی ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا “سێنتکام”، ڕۆژی سێشەممە ٣١ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، بە کۆنگرەی ئەمریکای وت: چەکدارە حووسییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە یەمەن، لە ساڵی ڕابردووەوە ١٥٠هێرشی مووشەکیی بالستیکی و کرووزیان بۆسەر بنکە سەربازیی و مەدەنییەکانی عەرەبستان ئەنجام داوە.
مەککێنزی وتی: “ڕێژیمی ئێران بە کەڵکوەرگرتنی زۆر لە مووشەکی بچووک و مامناوەند، بووەتە هۆی ئەوەیکە ئەمریکا بۆ یەکەمجار لەکاتی شەڕی “کۆرە” لە هێرشە ئامسانییەکاندا نەتوانێ بەسەر ئەو هێرشانەدا زاڵ بێ؛ هەربۆیە کۆماری ئیسلامی بەردەوام بەو هێرشانە هەڕەشە لە ئەمریکا دەکا، تا ئەو کاتەی ئێمە توانایی ئەوەمان نەبێ کە ئەو هێرشانە پووچەڵ بکەینەوە بێگومان ئەوان بەسەر ئێمەدا زاڵ دەبن.”
هەر لەم بارەوە هەواڵنێریی “بلومبێرگ” لەسەر قسەکانی “مەککێنزی” ڕایگەیاندووە کە، لە حالێکدا دەوڵەتی “جۆ بایدێن” لەهەوڵدایە بۆ ئەوەی بەرجام سەقامگیر بکا، ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بەدژی ئەمریکا و هاوپەیمانانی ناوچەیی ئەو وڵاتە، دەبێتە لەمپەر بۆ دەوڵەتی ئەمریکا.