هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە بەندیخانە، لە ڕێگەی گوشارەوە هەشت دەرزی سەیر و نەزانراو بەبێ ڕوونکردنەوە لە محەمەد نووریزاد دەدەن.
فائیزە نووریزاد، کچی محەممەد نووریزاد ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی وتی: “باوکم لە بەندیخانە باری تەندروستی تێک چووە و بووراوەتەوە، دواتر گواستیانەوە بۆ نەخۆشخانەی لوقمان، باوکم لەپێوەندییەکی تەلەفۆنیدا پێی وتم؛ منیان لەسەر زەوی خەواند و کەسێک لەسەر سینگم دانیشت و هەشت دەرزی لە هەشت شوێنی جیاوازی جەستەم دا، پاش ئەوە گەڕاندمیانەوە بۆ بەندیخانە و نامەم بۆ بەڕێوەبەری بەندیخانەکە نووسی کە بمنێرن بۆ پزیشکیی یاسایی بۆ ئەوەی بزانم چ دەرزییەکیان لیداوم، بەڵام بەڕێوەبەری زیندان وەڵامی منی نەداوەتەوە.”
جێی ئاماژەیە کە لەبارەی دۆخی تەندروستی نووریزاد، ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە بەیاننامەیەکدا داوایان لە بەرپرسانی قەزایی ڕێژیمی ئێران کردووە کە کۆتایی بە توندوتیژیی بۆ سەر محەممەد نووریزاد بهێنن و پێش لە ڕوودانی کارەساتێکی دیکە لە بەندیخانەکانی ئێران بگرن و لە ئێستادا کە دۆخی تەندروستی ناوبراو تێک چووە، پێویستە سەردانی پزیشک بکا و دەبێ هاوکاری تەواوی نووریزاد بکرێ.