وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل: کۆمەڵگەی جیهانی دەبێ هەوڵ بدا و دڵنیا بێ کە ڕێژیمی ئێران هیچکات دەستی بە چەکی ناوکیی ڕاناگا.
کاناڵی “کان نیوزی” ئیسرائیل ڕایگەیاند کە بەرپرسانی ئەو وڵاتە بەو ئاکامە گەیشتوون کە بەرجام بەبێ گۆڕانگارییەکی تایبەت و بەبێ لە بەرچاوگەرتنی بەرنامەی مووشەکی بالستیک و پشتیوانیی کۆماری ئیسلامی لە تیرۆریزم دەبووژێتەوە، لەو بارەوە بەرپرسانی ئیسرائیل بڕیاریان داوە کە گوشار بخەنە سەر پشکێنەرانی ناوەندی وزەی ناوکیی تا ئەوانیش گوشاری زیاتر بهێنن بۆ سەر ڕێژیمی ئێران و پشکنین لە دامەزراوە ناوکییەکانی ئەو وڵاتە زیاتر بکەن.
ڕۆژی سێشەممە، “گەبی ئەشکێنازی” وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتن لەگەڵ وەزیری کابینەی بریتانیادا وتی:” ڕێژیمی ئێران سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست لاواز دەکا و جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە کۆمەڵگەی جیهانی هەوڵ بدا و دڵنیا بێ کە ڕێژیمی ئێران هیچکات دەستی بە چەکی ناوکیی ڕاناگا.