محەممەد عەلی حەقبین، یەکێک لە فەرماندەکانی سپای پاسداران کە لە سەرکوتی دژبەرانی بەشار ئەسەد لە سووریە دەورێکی گرینگی هەبوو بەشێوەیەکی گوماناوی مردووە.
ڕاگەیاندنەکانی ئێران رۆژی سێشەممە ٣١ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، هەواڵی مردنی محەممەد عەلی حەقبین، فەرماندەی سپای قودسی گیلان و ڕاوێژکاری فەرماندەی هێزە زەوینییەکانی سپای پاسدارانی بەهۆی تووشبوون بەپاتەی کۆرۆناوە پشتڕاست کردەوە.
لەکاتێکدا کە زۆربەی هەواڵدەرییەکانی ئێران نزیک لە سپای پاسداران وەکوو هەواڵدەریی فارس ڕایگەیاندووە کە حەقبین بە هۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆناوە مردووە، هەندێکی دیکە لە سەرچاوە هەواڵدەرییەکان دەڵێن ناوبراو لە دوای هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل لە حەوتووی ڕابردوودا بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی سپای پاسداران لە دەمێشق پێتەختی سووریە بە توندیی برینداربووە و دوای گواستنەوەی بۆ ئێران مردووە.
بڵاوبوونەوەی وێنەی حەقبین لەسەر تەختی نەخۆشخانە و لە کاتێکدا کە هەردوو لاقی لە گەچدایە، پرسیارگەلێکی زۆری لای بەکارهێنەرانی تۆڕوکۆمەڵایەتییەکان درووست کردووە کە زیاتر ئەو گومانە ڕاستە کە ناوبراو لە ئاکامی هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە وبارەگاکانی سپا لە سووریە بە توندی برینداربووە ودوای گواستنەوەی بۆ ئێران مردووە.
هەرلەم پێوەندییەدا ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، فەرماندەکانی سپای قودسی پاسداران بە کوشتن و لەناوبردنی دژبەرانی بەشارئەسەد لە سووریە ناودەبن و دەڵێن: فەرماندەکانی سپای قودس جینایەتیان لە دژی مرۆڤایەتیی بەڕێوە بردووە و هەموویان تۆمەتبارن و دەبێ بەسزای خۆیان بگەن.
لەلایەکی دیکەوە دوای هەموو چەواشەکارییەکانی بەرپرسانی ئیرانی لەهەمبەر مردنی پاسدار حیجازی لە لێدوانە دژبەیەکەکانیاندا و هەرجار بە شێوەیەک جارێک دەیانگوت بەهۆی ڕاوەستانی دڵەوە و جارێکیش دەیانگوت بەهۆی بەرکەوتەی گازی کیمیاوی لە کاتی شەڕی ئیران وعێراقدا مردووە بەڵام ئیستا ئاشکرابووە کە ناوبراو لە یەمەن کوژراوە.