بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان، حەفتاهەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، کومیتەی بریتانیای حیزبی دیموکراتی کوردستان، ڕۆژی شەممە. ٣ ی ڕێبهندان (٢٣ی ژانوییه) ڕێورەسمێکی بهشکۆی لە ساڵۆنی کۆمکار لە شاری لەندەن بهرێوهبرد.
لهو ڕێوڕەسمەدا که بە سروودی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان گیانی پاکی شەهیدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد دەستی پێ کرد، مەولوود سوارە، ئەندامی ڕێبەری و نوێنەری حیزب لە بریتانیا، پەیامی حیزبی بەو بۆنەیهوه پێشکەش کرد.
له بڕگهیهکی دیکهی ئهو ڕێوڕهسمهدا کورتە فیلمێکی دێکۆمێنتاری لە سەر کۆماری کوردستان پیشاندراو، دوایه مەحموود ڕەزا ئەمین، ئەندامی پارلەمانی عێراق، چەند وتەیەکی سەبارەت بە ٧٠ سالەی دامەزرانی کۆماری پێشکەش کرد.
ئەو حیزبو ڕێکخراوانەش که پهیامی پیرۆزباییان بۆ ئهو یاده ناردبوو، بریتی بوون له:پارتی دێموکراتی کوردستان، یەکیەتیی نیشتیمانی کوردستان، بزووتنەوەی گۆران، کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، ڕێکخراوی مافی ژنی کورد، مەڵبەندی هەندەرانی کۆمەڵەی ئیسلامی کوردستان، حیزبی سۆسیالیستی دێموکراتی کوردستان،
یەکیەتیی ئافرەتانی کوردستان، کۆمکارو پارتی دێموکراتی کوردستانی باکوور.
له بەشی هونەریی ڕێوڕەسمەکەشدا چهند گۆرانیی ڕەسەنی کوردی بە دەنگی خۆشی هونەرمەندان حەسەن دەرزی، یوسف ئەفراسیابیو ئاوات ئەفروزی پێشکەش کرانو دوایه گهڕی شاییو شادیی بهشدارانی یادی ٧٠ ساڵهی دامهزرانی کۆماری کوردستان به دهنگی هونهرمهندان شۆڕش ئیبراهیمیو خالید جەمالی ڕازایهوه.
چهند تابڵۆیهکی هەڵپەڕکێی گڕووپی ڕۆژهەڵاتو کۆمهڵێک شێعرو پەخشان کهلهلایهن خاتوو مینا سوارە، بەڕێوەبەری بەرنامەکهوه پێشکەش کران، چهند بڕگهیهکی دیکهی ئهو یاده بوو.