ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە ماوەی مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا لانیکەم ٤٠ کەسیان بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی دژی کۆماری ئیسلامی و ئەندامەتی یان هاوکاریکردنی حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامی دەستبەسەر کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی “چاونیوز” لەو ٤٠ کەسە چەند کەسێکیان دوای قۆناغی لێپێچینەوە بە دانانی بارمتە هەتا کاتی دادگایی و حوکمدرانیان ئازاد کراون و ١٣ کەس لەوان دادگایی و سزای لە یەک هەتا ٢٦ ساڵ سەرجەم (١٠٧ ساڵ و ٦ مانگ) زیندانیان بەسەردا سەپاوە.
هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ١ی خاکەلێوە بەندکراوێکی کورد بە ناوی “شەهاب دەروون پەروەر” تەمەن ٣٥ سال و خەڵکی شائاباد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە بە هۆی خوێنبەربوونی گەدە و پیڕانەگیشتنی پزیشکییەوە گیانی لە دەست دا.
دەسبەسەرکرانی لانیکەم ٣٩ کەس لە مانگی سەرەتای ساڵی نوێ لە حاڵێکدایە کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوو (١٣٩٩)شدا هەرنەبێ ٦٤٠ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بەتۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیرابوون.