ڕۆژنامەی “هەمشەهری” لە زمان دەروونناسێکەوە دەڵێ، رۆژانە ٢٥٠ کەس لە ئێراندا هەوڵی خۆکوژیی دەدەن.
ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی “ئەمیرحوسێن جەلالی” دەروونناسی کۆمەڵایەتی، لە وڵامی بڵاوبوونەوەی هەواڵی، هەوڵی خۆکوژیی ٨٤ کەس لە یەک ڕۆژدا لە تاران وتی:” بە پشتبەستن بە ئامارە فەرمییەکانی ئێران، لە ساڵانی ڕابردوودا ڕۆژانە لانیکەم ٢٥٠ کەس هەوڵی خۆکوژیی دەدەن و ڕۆژانە ١٣ تا ١٤ کەس لەو ڕێگایەوە گیانیان لە دەستدەدەن.
ناوبراو ئەوەشی زیاد کرد کە لە تاران لە ساڵی ڕابردوودا ڕۆژانە ٢ یان ٣ خۆکوژیی تۆمار کراوە کە نیشاندەری ڕۆژانە ٤٠ تا ٩٠ هەوڵی خۆکوژییە لەو پارێزگایەیە.
پێشتریش هەواڵدەریی ڕۆکنا ڕایگەیاندبوو کە لە یەک ڕۆژدا لە تاران ٨٤ کەس هەوڵی خۆکوژیان داوە کە ١٢ کەس گیانیان لە دەستدا و ئەوانی دیکەش دوای وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکی چاک بوونەوە.
ئەمیرحوسێن جەلالی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد کە بەرزبوونەوەی خۆکوژیەکان لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و قەیرانی ئابووری رۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێ و ئەگەری ئەوەی هەیە کە هەرچی ئەو دۆخ و قەیرانە ئابوورییە بەردەوام بێ هەوڵی خۆکوژیی و خۆکوشتن زیاتر بێ.
ئەوە لە کاتێکدایە کە کاربەدەستانی ڕێژیم بەردەوام لە بڵاوکردنەوەی ڕاستی ئامارەکانی پێوەندیدار بە خۆکوژیی خۆدەبوێرن.