بەرپرسێکی پلەبەرزی ڕێژیمی ئێران دەڵی: دانوستان لەگەڵ عەرەبستانی سعوودی کە لە شاری بەغدا بەڕێوەچوو، هیچ پێشکەوتنێکی تێدا نەبوو .
ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکی خۆیدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەو دانوستانە کە لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینی لە شاری “بەغدا” بەڕێوەچوو، لە هەوڵی کەمکردنەوەی ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان دوو وڵاتی ئێران و عەرەبستانی سعوودیدا بووە، بەڵام بەرەو پێشەوە نەڕۆیشت و بە ئاکام نەگەیشت.
ئەم ڕاپۆرتە لە زاری بەرپرسێکی پلەبەرزی ڕێژیمی ئێرانەوە بڵاویکردەوە کە ئەو کۆبوونەوەیە لە ئاستی خوارەوە بوو بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بکرێ کە ئایا ڕێگەیەک دەبێ بۆ کەمکردنەوەی ڕووبەڕووبوونەوەکانی هەردوو وڵات لە ناوچەکەدا؟ هەروەها ئەوەشی زیاد کرد کە، ئەو چاوپێکەوتنە بە داواکاریی وڵاتی عێراق بەڕێوەچوو کە سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە مانگی رابردووی زایینی لەگەڵ جێنشینی عەرەبستان چاوپێکەوتنی کردووە و داوای لێ کردووە کە دانوستان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بکەن.