لەدانیشتنێکی هەواڵدەریی “باشاک دەمیرتاش” هاوسەری “سەلاحەدین دەمیرتاش” هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، “ماهسوونی کارامان” یەکێک لە پارێزەرانی ناوبراو و “ئومید دەدە” بەڕێوەبەری کۆمیسیۆنی حقووقی هەدەپە، وڵامی پرسیارەکانی هەواڵنێرانیان سەبارەت بە پڕۆسەی دادگاییکردن دەمیرتاش و هەڵوەشانەوەی هەدەپە دایەوە.
بەپێی هەواڵی “گازەتە دیوار” دانیشتنی دادگای لێکۆڵینەوە سەبارەت بە پەروەندەی خۆپێشاندانەکانی کۆبانێ بە ئامادەبوونی ١٠٨ کەس لە دەسبەسەر کراوان لە ٥ی بانەمەڕ بەڕێوە دەچێ کە گرینگترین ئاکامەکانی ئەو دۆسییەیە داواکاریی هەڵوەشاندنەوەی پارتی دێموکراتیکی گەلانە، بەپێی بڕیاری دادگای جەزایی ئەو پەرەوەندە لەگەڵ پەروەندەی سەرەکیی سەلاحەدین دەمیرتاش کە بریتییە لە ٣١ پەرەوەندە، تێکەڵ دەکرێ.
باشاک دەمیرتاش هاوسەری سەلاحەدین دەمیرتاش دەڵێ: کە تۆمەتەکانی سەر سەلاحەدین تەنیا بابەتی نێو پەروەندەکان نییە بەڵکوو تۆمەتگەلێکی ناڕەوا و بێبنەمایە کە لە لایەن ڕاگەیاندنەکانی دەوڵەتی تورکیەوە درۆ و بۆختانی زۆر لە دژی دەمیرتاش بەکار دێنن.
لە درێژەی دانیشتنەکەدا ئومید دەدە بەڕێوەبەری کۆمیسیۆنی حقووقیی هەدەپە لە وڵامی هەواڵنێراندا وتی: زیاتر لە ١٥ هەزار ئەندامی پارتی دێموکراتیکی گەلان لەلایەن کاربەدەستانی دەوڵەتی تورکیەوە دەسبەسەر کراون و لە بەندیخانەکاندا ڕاگیراون.