لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا ١٢ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون یان بریندار بوون.
به پێی بانکی زانیاریی ناوهندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم مانگەدا لانیکەم ١٢ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆ، یان بەربوونەوە لە شاخ بەهۆی ڕاوهدوونانی هێزه چهکدارهکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار بوون. لەو ١٢ کاسبکارە ٨ کەسیان بریندار بوون و ٤ کۆڵبەریش کوژراون یان گیانیان لە دەست داوە.
لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژی ٢٥ی خاکەلێوە هێزە چەکدارەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی پەلاماری گوندی “مولیک”ی ماکۆیان دا و دەستڕێژیان لە کەسێک بە ناوی “ئەحمەد ئارسەن” کرد و کوشتیان. هەروەها ڕۆژی هەینی ٢٧ی خاکەلێوەش هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە گەڕەکێکی شارۆچکەی ڕەبەت چەند کەسیان دایە بەر دەستڕێژی گوللە کە لە ئاکامدا کەسێک بە ناوی “خالید ڕەسووڵی” کوژرا و کەسێکیش بە ناوی “ئیبراهیم عەلی” بە توندی بریندار بوو.
کوژران و برینداربوونی ١٢ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە مانگی سەرەتای ساڵی نوێ لەحالێکدایە کە لە ماوەی ساڵی ڕابردووشدا ٢٢٦ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەقهەڵاتن لە سەرما کوژرابوون یان بریندار ببوون.