لەحاڵێکدا کە کۆمیتەی توێژینەوەی کۆماریخوازانی ئەمریکا خەریکی خستنەڕووی گەڵاڵەیەکە کە دەوڵەتی ئەمریکا نەتوانێ گەمارۆکانی سەر ئێران کەم بکاتەوە، لەهەمانکاتدا ٢هەزار کەس لە بەرپرسانی سەربازی و ئەمنیەتیی پێشووی وڵاتی ئیسرائیل، هۆشدارییەکی توندیان داوەتە بایدێن و دەڵین گەڕانەوە بۆ بەرجام مەترسیدارە.
کۆمیتەی توێژینەوەی کۆماریخوازان، حەوتووی ڕابردوو ڕایگەیاند، لەگەڵ “مایک پۆمپێئۆ” وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا، گەڵاڵەی “ئەوپەڕی گوشار” بەدژی ڕێژیمی ئێرانمان خستەڕوو کە، ئامانج لەو گەڵاڵەیە ئەوەبووە کە گەمارۆی زۆرتر و قورستر بخرێتە سەر ئەو ڕێژیمە و پێش بە گەڕانەوەی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ بەرجام بگرێ.
کۆمیتەی توێژینەوەی کۆماریخوازان، هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە، دەبێ کۆماری ئیسلامی دەست لە دابینکردنی هاوکاریی ماڵیی تێرۆریزمی نێودەوڵەتی هەڵبگرێ و لەلایەکی دیکەوە زیاتر لە دوو هەزار بەرپرسی پێشووی ئەمنیەتی و سەربازی ئیسرائیل، لە نامەیەکدا بۆ “جۆبایدێن” لەبارەی پێشهاتەکانی گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، هوشداریان دا و جەختیان کردەوە کە، پەلەکردن لە دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ڕاستەوخۆ هەڕەشەیە بۆ سەر ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبیی لە ناوچەکەدا.