وەحید جەلالزادە، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی مەجلیسی ئێران بە ئاماژە بە سەردانی هەیئەتێکی مەجلیس لە دامەزراوەی ناوکیی نەتەنز، دزەکردنی سیخوڕ و تەقینەوەی لەو دامەزراوە ناوکییە پشتڕاست کردەوە.
وەحید جەلالزادە، ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی “ئیسنا” بەئاماژە بە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنییەتیی دامەزراوەی ناوکیی نەتەنز وتی: دزەکردن بۆ نێو ئەو دامەزراوە ناوکییە و زۆربەی دامەزراوە ئەمنییەتییەکانی وڵات زۆر ڕوون وئاشکرایە و دەبێ هەموو هێزی خۆمان بۆ پڕکردنەوەی کەلێن و بۆشایی ئەمنییەتیی لە ئێراندا وەگەڕ بخەین و ئیزن نەدەین نەیارانی کۆماری ئیسلامیی، زۆر بەئاسانی دزە بکەنە نێو دامودەزگا هەستیارەکانی وڵاتەوە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: وردەکارییەکان لەسەر ڕوودانی ئەو ڕووداوە لە ئێستادا لەبەردەم لیکۆڵینەوەی دەزگاکانی ئەمنییەتیی و زانیاریدایە و تیمێکی پسپۆڕ خەریکی لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوەیە کە بۆمان دەربکەوێ لە کوێوە تووشی هەڵە بووین و سیخوڕەکان دزەیان کردۆتە نێو دامودەزگا هەستیارەکانی ئێمەوە و ئەو خەسارە گەورەیەیان گەیاندوەتە دامەزراوەی ناوکیی نەتەنز.