مەحموود ئەحمەدی نژاد، سەرەڕای ڕەخنەگرتن لە ناکارامەیی ڕێکخراوە ئەمنییەتییەکان لە پێوەندی لەگەڵ تەقینەوەکەی نەتەنز، ئەو ڕێکخراوانەی بە دزین و لەناوبردنی هەزاران میلیارد تمەن تۆمەتبار کرد.
مەحموود ئەحمەدی نژاد، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران و ئەندامی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم، ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆبوونەوەیەکدا لە شاری هورمۆزگان، بەوتنی ئەوەیکە حکوومەت و ڕێکخراوە ئەمنییەتییەکان لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بوونەتە بەربەستێک لە بەرانبەر خەڵکدا ڕایگەیاند کە کاتێک هەموو شتەکان پێچەوانە دەبنەوە، ڕێکخراوە ئەمنییەتییەکان دەبنە هۆکاری سەرکوتی خەڵک و بەدژی خەڵک و ڕووبەرووی خەڵک دەوەستنەوە و دەیانکوژن بەڵام کەسێک لە دەزگایەکی سیخوڕی وڵاتێکی دیکەوە دزە دەکاتە نێو دەزگای ئەمنییەتی و زانیارییەکانی ئێران و بەکەیفی خۆی تەقینەوە دەکا و دەزگای ئەمنییەتیی وڵاتیش پشتیوانی لێوە دەکا.
ناوبراو بە ئاماژە بە تەقینەوەکەی دامەزراوەی ناوکیی نەتەنز دەڵێ: ساڵێک ٥٠هەزار میلیارد تمەن لە بووجەی گشتیی وڵات دەدەن بە ڕێکخراوە ئەمنییەتییەکان، بۆ پاراستنی وڵات و دامەزراوەکانی کە کەسانێک لە دەرەوە دزە نەکەنە نێو دامودەزگاکانی وڵات و بە دەیان میلیارد دولار زەرەر وزیان بدەن لە سەروەت و سامانی خەڵک و ئێوەش بێهەڵوێست بن.
ناوبراو بە ڕەخنەگرتنی توند لە بەرپرسانی باڵای دامەزراوە ئەمنییەتییەکانی ئێران وتی: دەبێ بەرپرسانی ڕێکخراوە ئەمنییەتییەکان لێپرسینەوەیان لێبکرێ و سزا بدرێن.