لێدوانەکانی بەرپرسانی سپای پاسداران لەهەمبەر مردنی محەممەد حیجازی، ( جێگری فەرماندەی سپای قودسی کۆماری ئیسلامیی ئێران)،کەسی پێوەندیدار بە حووسییەکان و حیزبوڵای لوبنان دژبە یەکن.
لەکاتێکدا پێوەندییە گشتییەکانی سپای پاسداران، هۆکاری مردنی محەممەد حیجازی، جێگری فەرماندەی سپای قودس، بە هۆی ڕاوەستانی دڵەوە ڕادەگەینێ، ڕۆژێک دواتر وتەبێژی سپای پاسداران هۆکاری مردنی ناوبراو بۆ بەرکەوتەی گازی کیمیایی لە کاتی شەڕی ئێران و عێراق دەگەڕێنیتەوە و دەڵێ بەو هۆیەوە مردووە.
ڕەمەزان شەریف، وتەبێژی سپای پاسداران وتی: لە دانیشتنی کۆمیسیۆنی پزیشکی، هۆکاری مردنەکەی ناوبراو دەگەڕێننەوە بۆ بەرکەوتەی گازی کیمیایی بەجێماوە لە شەڕی ئێران و عێراقدا.
وتەبێژی سپا هەروەها وتی: ئیسرائیل ساڵانێک بوو کە دەیویست حیجازی بکوژێ بەڵام ئەو پیلانەی بۆ جێبەجێ نەبوو.
لەلایەکی دیکەوە محەممەد مێهدی هیممەت، کوڕی محەممەد ئیبراهیم هیممەت، فەرماندەی ئێرانی لە کاتی شەڕی ئێران و عێراق، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر و لەلاپەڕەی فەرمیی خویدا دەنووسێ؛ هۆکاری مردنی محەممەد حیجازی، ڕاوەستان و جەڵدەی دڵ نەبووە و نییە.
هەرلەم پێوەنییەدا، ئەمیر موقەدەم، بەڕێوەبەری پێوەندییە گشتییەکانی خولی یەکەمی سەرۆککۆماریی حەسەن ڕووحانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتێر دەنووسێ؛ حیجازی فەرماندەی باڵای سپا و حووسییەکانی یەمەن بووە و بەردەوام لە یەمەن و وێنێزوئێلا بووە و یەکێک لە مۆرە گرینگەکانی بەرنامەی مووشەکی و چالاکییە تێرۆریستییەکان لە دەرەەی سنوورەکان بووە و بە شێوەیەکی تایبەت پڕۆژەکانی سپای بە دژی عەرەبستان و ئیمارات بەڕێوەدەبرد.
هەر لەو پێوەندییەدا هەواڵدەریی ئەلحەدەس بڵاویکردەوە کە پاسدار حیجازیی لە وڵاتی یەمەن کوژراوە.
شایانی باسە کە حیجازیی ساڵانێکی زۆ دەستی سەرەکیی بووە لە سەرکوتی خەڵکی کوردستان و دەستی بە خوێنی خەڵکی کورد سووربوو.