پاش داخستنی ڕێگە سنوورییەکان لە لایەن سپای پاسداران و ئەرتەشی پاکستانەوە، سووتەمەنیبەرێکی بەلووچ به هۆی برسییەتی و تینوویەتی لە سنوورەکانی بەلووچستان گیانی لە دەست دا.
بەپێ ڕاپۆرتی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، ڕۆژی ۲۷ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، سووتەمەنیبەرێکی بەلووچ بە ناوی “فازڵ سەبزەل” و ٣ کەسی دیکە کە هێشتا ناوەکانیان نەزانراوە و بە هۆی ئەوەیکە چەند ڕۆژ لە سنووری نێوان ئێران و پاکستان گەمارۆ درابوون، تینوویەتی، برسییەتی و گەرمای تاقەت پڕووکێن زۆریان بۆ دەهێنێ و هەربەو هۆیەوە گیانیان لەدەستدەدەن.
شایانی باسە کە، ماوەی دوو حەوتوویە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەرتەشی پاکستان بە داخستنی ڕێگە سنوورییەکان، سەدان سووتەمەنیبەریان بەبێ ئاو و نان، لە نێوان دوو وڵات گەمارۆ داوە و بە سەدان کەس لەو سنوورانەدا گیانیان لە مەترسیدایە.
شایانی باسە کە پێشتریش لە ڕۆژی ٤ی ڕەشەمەی ٩٩ی هەتاویدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی سپای پاسداران لە سنوورەکانی سیستان و بەلووچستان دەیان کەس لە خەڵکی کاسبکار و هەژاری ئەو پارێزگایە گیانیان لەدەستدابوو.