چالاکانی سیاسی و ژینگەپارێز لە پەیامێک داوایان لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە لە ئاست کاولکارییەکانی ژینگە لەلایەن ڕێژیمەوە بێدەنگ نەبن.
کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی و ژینگەیی لەهەمبەر ئەو کاولکارییە ژینگەییەی کە لەژێر یاسای نگریس و دژەمرۆڤانەی ڕێژیم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوو دەدات، داواکارییەکیان ڕوو لە خەڵکی کوردستان بڵاو کردووەتەوە.
لەو داواکارییەدا هاتووە: لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە شاری سایین قەڵا، سەر چۆمی جەغەتوو لە گوندی “قانزالی”، ڕێژیم بووەتە هۆکاری دروستبوونی ئاژاوە و تێکدانی لەوەڕگە کە ساڵانێکی زۆرە خەڵکی هەژار و کەمداهاتی ئەو ناوچەیە ئاژەڵداریی لێدەکەن و لەو دۆخە قەیراناوییەدا ماڵ و ژینگەی ئەو ناوچەیە لەنێو دەبەن.
لەبەشێک لەو داواکارییەدا هاتووە، هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کاری ڕێژیم، هەر جارێک پیلانێک و بەرنامەیەکی جیاواز بۆ بەتاڵانبردنی ژینگەی کوردستان بەڕێوە چووە، ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای گۆڕینی ڕێڕەوی ئاو بگرە کە لە بەرژەوەندیی خۆیاندا بووە و هەڵگرتنی لم و خیز، بڕینی داری دارستانەکان یان دروستکردنی تاپۆ لە ئۆرگانەکانی خۆیان، دەست بەسەر زەوی و زاری خەڵکدا دەگرن.
لە درێژەی پەیامەکەدا هاتووە کە ئێمە وەک چالاکانی ژینگەیی و سیاسی کە هەردەم پشتیوانی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و ژینگەییەکانین، ئامادەین بۆ هەموو هاوکارییەکی گوندی “قانزالی” هەر وەک چۆن لە ڕابردوودا خەڵکی ئەو گوندە و گوندەکانی دراوسێ لەلایەن ڕێژیمەوە کە لەسەر مافی خۆیان وەدنگ هاتوون بەڵام تاوانبار بە ئاژاوەگێڕی کراون و باجیان داوە.
لەکۆتاییدا داواکارین هەموو چالاکانی سیاسی، مەدەنی و ژینگەیی و کەسایەتییە نیشتمانپەروەرەکان لە ئاست ئەو کاولکاری و تاڵانە بێدەنگ نەبن.