مەجلیسی شوورای ئیسلامی ڕۆژی یەكشەممە لە درێژەی تاوتوێ كردنی وردەكارییەكانی گەڵاڵەی “تاوانە سیاسییەكان”، بۆ پێناسەی تاوانێكی لەم چەشنە چەند مادەیەكی پەسند كردووە.
بە مەبەستی پەسند كرانی مادەی ١ی ئەم گەلاڵەیە، ئەم تاوانانەی كە بە نیەتی چاكسازیی كاروباری نێوخۆیی ئێران بەدژی بەڕێوەبەرایەتیو ڕێكخراوە سیاسییەكان یان سیاسەتە نێوخۆیی یا دەرەكییەكانی ئێران کرابێ، بەبێ ئەوەی كە بەنیازی زەربە لێدان لە ئەسڵی نیزام بووبێ، به تاوانی سیاسی دادهنرێن. لە لایەكی دیكەوە، هەر بەپێی ئەم گەڵاڵەیە، “ورووژاندنی خەڵك بۆ جیاییخوازی، شەڕ و كوشت و كوشتار و پێكدادان” به تاوانی سیاسی داناندرێ.
لەم گەڵاڵەیەدا كۆمەڵێك ئیمتیازیش بۆ بهندکراوه سیاسییەكان وەبەرچاو گیراوە كە بریتییە لە “جیا كرانەوەی شوێنی ڕاگیرانیان لە كاتی دەستبەسەركران و بەندكران لە بەندییە ئاسایییەكان و “قەدەغە كرانی دەستبەسەركران و بەندكرانیان له بهندی ئینفڕادی بۆ ماوهی زیاتر لە ١٥ ڕۆژ.
بهپێی ڕاپۆرتی میدیاکان دەوڵەت ئهم گهڵاڵهیهی وهک لایەحە نهداوهته مهجلیس، بەڵكوو ئەم گەڵاڵەیە لە كۆمیسیۆنی قەزاییو حقووقیی مەجلیس ئامادە كراوەو ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی بەفرانبار لە مەجلیس پەسند كرا.
مەجید ئەنساری، جێگری حەسەن ڕووحانی سەركۆماری ئێران لە پارلمان، لەم كۆبوونەوەیەدا دژایەتیی خۆی لەگەڵ ئەم گەڵاڵەیە دهربڕیوه. ئهو دهڵێ ڕوانگەی دەوڵەت بۆ ئەسڵی پێڕاگەیشتن بە تاوانی سیاسیو پێناسە كردنی هەنگاوێكی باشە، بەڵام دەوڵەت ئەم گەڵاڵەی مەجلیس بە گشتگیرو رێکاری باش نازانێ.
شایانی باسه لایحەی تاوانی سیاسی لە حاڵێكدا لە مەجلیس تاوتوێ كراوەو پەسندیان كردوە كە بە ڕای زۆربەی چاوهدێرانو خاوهنڕایانی سیاسی لە بنەڕەتڕا هیچ چەشنە چالاكییەكی سیاسی تاوان نییەو ناتوانن هیچ قانوونێك بۆ ئەم مەسەلە پەسند بكەن.