حەسەن ڕووحانی دەڵێ: ئەرکی ئەرتەش پاراستنی خەڵک و وڵاتە نابێ بچێتە نێو سیاسەت و وڵاتدارییەوە.
حەسەن ڕووحانی سەرۆککۆماری ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، بەجەختکردنەوە لەسەرئەوەیکە کاری ئەرتەش هاتنە نێو دنیای سیاسەت و وڵاتداریی نییە وتی: کاتێک کە خەڵک لە حکوومەت ناڕازی بن و هەڵگەڕێنەوە، ئەرتەش دەبێ لە نێوان خەڵک و حکوومەتدا یەکێکیان هەڵبژێرێ و دەبێ پشتیوانی لە دەوڵەتێک بکا کە خەیانەتی لە خەڵک و وڵاتەکەی نەکردووە.
ڕووحانی لە درێژەدا وتی: ئەرتەش لەڕووی ئیدارییەوە بەشێکە لە دەوڵەت وحکوومەت و هەربەم پێیە و بەپێی یاسا، دەبێ بڕیاری حکوومەت جێبەجێ بکا.
ئەم قسانەی ڕووحانی لە کاتێکدایە کە تەنیا ١٠٠ ڕۆژی ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لە ئێران و گومان وئەگەری زۆر هەیە کە خەڵک بەشداریی لە هەڵبژاردنەکان نەکەن و کێشەی سیاسیی و کۆمەڵایەتی بێتە ئاراوە و خەڵک بەدژی ڕێژیم ڕاپەڕێنێکی گشتیی دەسپێبکەن، ڕێژیم داوا لە ئەرتەش و هێزە سەربازییەکان بۆ سەرکوتی هەرجۆرە ناڕەزایەتییەکی خەڵک دەکا.