ڕەوەندی ئاڵوگۆڕەکانی دانوستاندن لەبارەی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران لە ویەن، ئاسایشی ئیسرائیل کە پێهاتووە لە وەزارەتە گرینگەکانی ئەو وڵاتە، ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دوای ڕووداوەکەی نەتەنز تاوتوێ دەکا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی “ئەلعەرەبییە”، کابینەی کاروباری ئاسایشی ئیسرائیل بەسەرنجدان بە دانوستانی “ویەن” لەبارەی ڕێککەوتنی ناوکیی و ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی نێوان تاران و تێلئاڤیڤ، خەریکی تاوتوێی بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێرانە و ئەمە یەکەمجارە کە کابینەی ئاسایشی ئیسرائیل، لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، کۆبوونەوەیەکی لەو چەشنە بەڕێوە دەبا، بەڕێوەچوونی چالاکیی نهێنی یان هێرش بۆسەر بنکەکانی ئێران لە سووریە، پێویستی بە پەسەندکردنی کابینەی ئاسایش نییە.
لە درێژەی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی بەمەبەستی بەرفراوانکردنی چالاکییەکانی ناوکیی خۆی، سایتی “نەتەنز”، کە گرینگترین دامەزراوەی پیتاندنی ئۆرانیۆم و بەرهەمهێنانی “سانتریفیوژ”ی ئێرانە، لە ماوەی یەکساڵدا بۆ جاری دووهەم کرایە ئامانجی هێرشێکی توند و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ڕێژیم خۆیان دانیان بەوە دانا کە بەهۆی ئەو تەقینەوەیە هەزاران ساتریفیوژ لەناوچوون.