شەوی ڕابردوو لە هێرشێکی مووشەکیدا بۆسەر بنکەی ئاسمانیی پەیمانکارانی ئەمریکایی لە عێراق، ٥سەربازی عێراقی برینداربوون.
هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە زاری بەرپرسانی ئەمنییەتیی عێراقەوە ڕایگەیاند کە لە ئاکامی هێرشێکی مووشەکیی بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی لە شاری بەلەد لە باکووری پێتەختی عێراق کە شوێنی نیشتەجێبوونی پەیمانکارانی ئەمریکاییە، ٥ سەربازی عێراقی برینداربوون و زەرەر وزیانێکی زۆر وەبەر فڕۆکەیەکی شەڕکەر لە جۆری ئێف شازدە کەوتووە.
بەوتەی ئەو سەرچاوەیە ٥ مووشەک ئاراستەی ئەو بنکە ئاسمانییە کراوە کە هەموو مووشەکەکان لە شوێنی نێشتەجێبوونی پەیمانکارە ئەمریکاییەکان کەوتونەتەخوارەوە.
تائێستا هیچ لایەنێک بەفەرمیی ئەو هێرشەی لەئەستۆ نەگرتووە بەڵام بەوتەی سەرچاوە عێراقییەکان ئەو هێرشە لەلایەن گرووپە میلیشیاکانی سەربە ڕێژیمی ئێرانەوە کراوەتە سەر ئەو بنکە ئاسمانییە.