لە ماوەی یەک ڕۆژدا لە شاری تاران لانیکەم ٨٤ کەس بەهۆکاری جۆراوجۆرەوە، هەوڵی خۆکوشتنیان داوە و ١٢کەسیان بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هرانا، لە ڕۆژی پێنجشەممە تا ڕۆژی هەینی ڕابردوو، تەنیا لە ماوەی ٢٤کاتژمێردا، ٨٤کەس لە شاری تاران بە هۆکاری جۆراوجۆرەوە هەوڵی خۆکوشتنیان داوە و لەکۆی ئەو کەسانە لانیکەم ١٢ کەس گیانیان لە دەستداوە؛ ئەو هەوڵی خۆکوشتنە لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە بووە و لەنێوان ئەو کەسانەدا مێرمنداڵ و بەتەمەنیشی تێدایە.
هەر بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئاماری خۆکوژییەکان لە ئێران لە ماوەی ئەمساڵدا بە بەراورد لەگەڵ هەمان ماوە لە ساڵی ڕابردوودا و شێوازی خۆکوشتنەکان و ئاستی توندوتیژ بوونیان ڕوو لە هەڵکشانە. ئەو بارودۆخە لە حاڵێکدایە کە کۆماری ئیسلامی بانگەشە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری دەکا، لە کاتێکدا خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بەدەست هەژاریی و بێ دەرەتانییەوە دەناڵێنن و ڕۆژانە ئامارەکانی خۆکوشتن ڕوو لە زیاد بوونە.